هەڵبژاردەی عێراق دەچێتە ئیمارات
رووداو هەولێر
بڕیارە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئیمارات دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بکات.
جامی نەتەوەکانی ئاسیا مانگی داهاتوو لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ژاپۆن، ئیندۆنیزیا و ڤێتنام یاری دەکات.
خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی سەرپەرشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەکات، لەسەر داوای ئەم راهێنەرە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، لە شاری ئەبوزەبی کۆدەبنەوە و دەستدەکەن بە کەمپێکی راهێنانی نۆ رۆژە لەگەڵ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاری بەر لەوەی تیپەکە گەشتی شاری دەوحە بکات.
محەممەد عیماد، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "بێگومان ئەو کەمپە سوودێکی زۆری بۆ تیپەکەمان دەبێت و کاساس لەوێ دەتوانێت سوود لە جێبەجێکردنی پلانەکانی و کەش و هەوای ئیمارات ببینێت، کە نزیکە لە کەش هەوای قەتەر".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هیوایەکی گەورەی بە راهێنەرە ئیسپانییەکەیان هەیە. کاساس دوای هاتنی بۆ عێراق بە ئەنجامە گەورەکانی دڵی هاندەران و شەقامی وەرزشی خۆشکردووە بەبردنەوەی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە. هەروەها لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دوو یاریی یەکەمی لە هەڵبژاردەکانی ڤێتنام و ئیندۆنیزیا بردووەتەوە.
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێمە گوێ لە سەرجەم داواکارییەکانی کاساس دەگرین و متمانەیەکی زۆرمان پێی هەیە، بێگومان چاومان لە ئەنجامێکی گەورە و دڵخۆشکەرە لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا".
هەڵبژاردەی عێراق لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بردەوە، تیپەکە لە مێژووی خۆیدا جارێک گەیشتووەتە یارییەکانی مۆندیال لە 1986ـی مەکسیک.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی لە 1948 دامەزراوە و راستەوخۆ هەڵبژاردەی یەکەمی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دروستکردووە، عێراق لە 1950 بووەتە ئەندام لە فیفا.