کرۆیڤ بە چاڤی گوتووە، سەرۆکی بارسێلۆنا دەربکە


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی پەیوەندی نێوان خۆی و چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە کرد.
 
بارسێلۆنا بەقۆناخێکی سەختدا لە رووی ئەنجامەوە تێدەپەڕێت و دوورکەوتنەوەی یانەکە بەجیاوازیی نۆ خاڵ لەگەڵ جیرۆنای پێشەنگی لالیگا، گوشاری زۆری لەسەر راهێنەری تیپەکە دروستکردووە. تەنانەت هەندێک لە میدیاکان باس لە پێویستیی دوورخستنەوەی چاڤی لە پۆستەکەی دەکەن.
 
ئەم دۆخە خراپە، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا یۆهان کرۆیڤی ئەفسانەی پێشووی یانەکە، ئامۆژگاریی چاڤی دەکات بەوەی، ئەگەر بیەوێت لە یانەکە بەردەوام بێت، پێویستە سەرۆکی یانەکە دووربخاتەوە.
 
لاپۆرتا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا باسی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەکات کە کرۆیڤ سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەدەستوەردانی بەردەوام لە کاروباری راهێنەر تۆمەتبار دەکات.
 
لاپۆرتا دەڵێ، "چاڤی شتی وای بەمن نەگوتووە، چونکە من ئەو سەرۆکە نیم هەموو رۆژێک بچمە ژووری جلگۆڕینی تیپەکە دەستبخەمە ناو کاروباری راهێنەرەوە و لە مەشقەکاندا ئامادەبم. من تەنیا ئەو کاتانە دادەبەزم بۆ ژووری جلگۆڕین کە بزانم پێویستە ئەوە ئەنجام بدەم و پێشتریش لەگەڵ راهێنەر لەسەر شتەکان هاوڕام".
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێ "دابەشکردنی رۆڵەکان زۆر گرنگە، دەبێ هەمووان بەرپرسیارێتی رۆڵی خۆیان لە ئەستۆ بگرن. دەبێ یاریزانان لەپێناو بردنەوەدا رکابەریی بکەن و تیپەکەش دەبێ بەشێوەیەک ئامادەبکرێت توانای رکابەریی بەهێزی هەبێت، جیا لەوەش سەرۆک سەرکردایەتی دۆخەکە دەکات و ئەگەر ئەوە نەکەین، دەکەوینە هەڵەی کوشندەوە".
 
لاپۆرتا لە قسەکانیدا رەخنەی لە کاری پێشووی سیستمی بارسێلۆنا گرتووە، دەڵێ، "ئەوە لە رابردوودا روویداوە، رۆڵەکان گۆڕانکارییان پێکرا، یاریزانەکان کۆنترۆڵی شتەکانیان کرد و گەیشتین بەو رۆژەی کە ئێستا تێیداین".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئێمە جڵەوی کارەکانی یانەکەمان بەدەستەوەگرت و ئاکامەکانمان لە ئەستۆ گرت، کە پاشماوەیەکی کارەساتاویمان بۆ بەجێمابوو و ئەوەش ناکرێ جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە، دەبێ هەمووان رۆڵی خۆیان لە یانەکەدا بزانن".
 
لاپۆرتا دەڵێ، "من سەرۆکێک نیم زۆر دەستبخەمە ناو کاروبارەکانەوە. من تۆپی پێم خۆشدەوێت، حەزدەکەم خەڵک پێمبڵێن چی روودەدات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کاردەکەم".
 
میدیاکانی کەتەلۆنیا، جیا لە باسوخواسی دابەزینی ئاستی بارسێلۆنا، باسلەوە دەکەن کە کێشە و ناکۆکی لە نێوان لاپۆرتا، چاڤی د دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی تیپەکەدا هەیە. بەڵام بارسێلۆنا بەهەموو شێوەیەک ئەو رەتدەکاتەوە.