ئەمشەو یەکەم دەرکەوتنی مانچێستەر سیتی دەبێت لە مۆندیالدا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یەکەم دەرکەوتنی مێژووییدا لە مۆندیالی یانەکان، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و پاڵەوانی ئەوروپا، هێز و توانای خۆی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکەدا بەرامبەر ئۆراوا رید دایمۆندی ژاپۆنی تاقیدەکاتەوە.
 
مانچێستەر سیتی لە تواناکانی گۆڵکەری یەکەمی تیپەکە کە ئێرلینگ هالاندە لە یارییەکەدا بێبەشدەبێت، بەڵام دڵخۆشکەرترین هەواڵ بۆ پێپ گواردیۆلا و یاریزانەکانی، گەڕانەوەی ئەندازیاری تیپەکە، کیڤن دیبرۆینێیە کە دوای چوار مانگ لە دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکانەوە گەڕایەوە و بەشداریی لە مەشقەکانی تیپەکەدا دەکات.
 
مۆندیالی یانەکان و گەڕانەوەی کیڤن دیبرۆین بۆ پێکهاتەی مانچێستەر سیتی، سەرەتای بەیەکگەیشتنەوەیەکی باش دەبێت بۆ هەردوولا، کە لە دابڕانیان لە یەکدی کێشەی زۆر بەرۆکی تیپەکەی گرت و بەشێک لە جادووی وەرزەکانی رابردووی لە ناوەڕاستی یاریگەدا، بەهۆی یاریینەکردنی کیڤنەوە لەدەستدابوو.
 
سیتی ئەگەرچی لە وەرزی ئەمساڵدا لە رووی ئاست و ئەنجامەوە بەرز و نزمیی زۆری هەیە و سەقامگیرییەکەی ساڵانی پێشووی لەدەستداوە و زۆر خاڵیشی لەدەستچووە، بەڵام دەرکەوتن بەرامبەر تیپەکانی مۆندیالی یانەکان، پێناچێ سەرئێشەی زۆر بۆ سیتی دروستبکات و بەپێچەوانەوە دەکرێ ئەو پاڵەوانێتییە، پشوویەک بداتە یاریزانانی تیپەکە کە پێدەچێ لە رووی بیرۆکە و تووندیی رکابەری و توانای مێشکییەوە لە پرێمەرلیگ رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووبنەوە.
 
ئۆراوای ژاپۆنی مێژوویەکی دێرینتر و بەشدارییەکی گەورەتری لە مۆندیالی یانەکاندا هەیە بەراورد بەمانچێستەر سیتی، ئەو یانەیە پێشتر سێجار لە مۆندیالەکەدا دەرکەوتووە، بەڵام هەرگیز رووینەداوە نازناوەکە بباتەوە، لە کاتێکدا سیتی نۆیەم یانەی کیشوەری ئەوروپایە لە مۆندیالەکەدا دەردەکەوێت و بەربژێری سەرەکیشە بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.
 
مۆندیالی یانەکان، جیا لەوەی هەلێکە بۆ ئەوەی پێپ لە ساڵە ناوازەکانی کارکردنیدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی، پاشئەوەی بۆ یەکەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و سوپەری ئەوروپای بردە نێو جامخانەی مێژووی یانەکەوە، جامی مۆندیالی یانەکانیش بباتە هەمان جێگە، هاوکات هەلێکیشە بۆ ئەوەی مانچێستەر سیتی لە خاکێکی دوور لە خاکی ململانێ تاقەتپڕوکێنەکەی پرێمەرلیگدا و لە کیشوەرێکی دوورتر لە کیشوەری ئەوروپا، پێوانەی توانای خۆی بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەدەستهێنانەوەی ئارامی و خۆرێکخستنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ چوونەوە نێو گەڕە زۆر بەهێزەکانی پرێمەرلیگ لە رۆژانی کریسماس و پاش کریسماسدا.