کۆرتوا ناخۆشترین هەواڵ دەداتە جیهان

 
رووداو دیجیتاڵ

تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ناخۆشترین هەواڵ دەداتە جیهان و بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 ناکات.
 
کۆرتوا لەلێدوانێکی فەرمیدا دەڵێت بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووم، ناتوانم بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆدا بکەم، دەبێت سەرەتا تەواوی هێزی خۆم بەدەستبهێنمەوە و دوای ئەوە باشترە پابەند نەبم بە بەراورێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە."
 
گۆڵپارێزی ریال مەدرید زیاتر گوتی "ئەگەر بەختێکی باشم هەبێت دەتوانم لە مانگی 5ـی ساڵی داهاتوودا بەشداری لە یارییەکی دیکەدا بکەم، بەڵام هەرگیز ناتوانیت 100٪ بۆ پاڵەوانێتییەکی گەورە ئامادەبیت."
 
تیبۆ کۆرتوا دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی لالیگا و ئەنجامدانی یەکەم یارییان بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباو، بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەو هۆیەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووە و تاوەکو ئێستاش بەتەواوی روون نییە کەی گۆڵپارێزەکە دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
بۆ جێگرتنەوەی کۆرتوا، یانەی ریال مەدرید بەشێوەی خواستن گرێبەستی لەگەڵ کێپا ئاریزابالاگا، گۆڵپارێزی ئیسپانی و یانەی چێڵسی واژۆکردووە و لە هاوینی 2024 وادەی خواستنەکەی کۆتاییدێت.
 
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هاوینی ساڵی داهاتوو لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی بەلجیکا لە کۆمەڵەی پێنجەمدا بەرامبەر سلۆڤاکیا، رۆمانیا و هەڵبژاردەیەکی دیکە کە لە پاشکۆکان سەردەکەوێت یاریی دەکات و کۆرتوا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا ناکات.