لێدوانێکی نوێ لە لاپۆرتاوە لەبارەی مێسی و بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ یانەی بارسێلۆنا قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات و باس لە رێکخستنی یارییەکی رێزلێنان بۆ ئەفسانە ئەرجەنتییەکە دەکات.
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ رۆژنامەڤانان کۆبووەوە، بۆ قسەکردن لەبارەی دۆخی یانەکەی و چەند پرسێکی دیکە و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
لاپۆرتا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی مێسی لە هاوینی رابردوودا نەگەڕایەوە یانەکە؟ گوتی "لە کۆتاییدا ئەوە رووینەدا، ئەوەی ئەو پێیگوتین بەتەواوی لوژیکی بوو، بەهۆی ئەو گوشارەی لە پاریس لەسەری دروستبووبوو بەلایەوە باشتربوو بچێتە ئینتەرمەیامی بۆ ئەوەی هەندێک پشوو وەربگرێت و زیاتر هەست بە ئارامی بکات، ئەمە ئەو بڕیارە بوو کە ئێمە رێزی لێدەگرین."
 
پرسیار لە لاپۆرتا کرا، رێزلێنان لە مێسی؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەر کاتێک ئەو بیەوێت یارییەک بۆ رێزلێنان لەو ئەنجامبدەین، مێسی باشترین یاریزانی مێژووە، چونکە ئێمە رێزی دەگرین و عاشقین ئەو شایستەی رێزلێنانە لە بارسێلۆنا، نازانم رێزلێنانەکە کەی دەبێت، کاتێک دەگەڕێینەوە سپۆتیفای کامپ نو لە کۆتایی ساڵی 2024 یانیش ئەو کاتە کە بەتەواوی یاریگەی نوێ دروستدەکەین لە 2026."
 
پرسیارێکی دیکە بۆ سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا ئەوە بوو، دەکرێت جارێکی دیکە مێسی یارییەکی فەرمی بەدرێسی بارسێلۆناوە ئەنجامبدات و بەخواستن لە ئینتەرمەیامی بگەڕێتەوە؟
 
خوان لاپۆرتا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی "زۆر هەواڵ لەو بارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام لە راستیدا وانییە و پێموایە فیفاش رێگە بەوە نادات."
 
سەرۆکی بارسا باس لە دۆخی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ئێمە لە تیپی یەکەمدا بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێین، هاوڕام لەگەڵ ئەو قسانەی چاڤی کە دوای یارییەکەی مێستایا کردی و گوتی رکابەرە سەرەکیەکانیشمان لە دۆخێکدان کە بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و پێموایە ئەمە هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەیەکی گەورەی ئێمە."
 
لاپۆرتا لەبارەی یارییکردنیان بەرامبەر ناپۆلی لە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا گوتی "ئەوان تیپێکی تۆپی پێیەکی جوان دەکەن، هێڵی هێرشبەریان مەترسیدارە، بەڵام چاڤی دەزانێت چۆن رایاندەگرێت."
 
بەپێی ئەو قسانەی خوان لاپۆرتا بۆ رۆژنامەڤانان کردی، لە گواستنەوەی زستانەدا هیچ یاریزانێک لە یانەکە ناڕوات.
 
سەرۆکی بارسێلۆنا لە قسەکانیدا هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە پێدری، ناوەڕاستکاری یانەکەیان تووشی پێکانبووە، بەڵام پێکانەکەی قورس نییە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، پێدری لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەدا هەست بە ئازار کردووە و بەو هۆیەوە بەشداری لە یاریی بەرامبەر ئالمێریا و ئەو یارییە دۆستانەیە ناکات کە بڕیارە بارسا لە ئەمریکا ئەنجامیبدات و دوو هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.