شەوەکەی یۆرك.. ئەو شەوە ناخۆشەی مانچێستەر سیتی تێدا دروستبوو

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەوانەی لەوێبوون بە شەوێکی لەبیرنەکراوی دادەنێن، لە شەوی 19ـی مانگی 12ـی ساڵی 1998 یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی بووە میوانی یۆرك سیتی، لە یارییەکدا کە بووە خاڵێکی مێژوویی لە مێژووی یانەکەی شاری مانچێستەر.
 
لەم رۆژانەدا ئەگەر هاندەرێکی مانچێستەر سیتی شەش رۆژ پێش کریسمس بچێتە یۆرك، لەوێ بازاڕی دەکات و لەوانەیە کەمێك پیاسە بە شارەکەدا بکات، بەڵام 25 ساڵ لەمەوبەر، 2000 سیتیزنس بەرەو یۆرك بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لە یاریگەی بوسام کرێسنت لە دژی یۆرك سیتی هانی یانەکەیان بدەن، کە ئەوکات پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی ئەوروپا بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا لە خولی پلە دووی ئینگلتەرادا رکابەری دەکرد.  
 
ئەمڕۆ مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، یەکەمین یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکان ئەنجامدەدات و یانەکە بە باشترین ساڵەکانی مێژووی خۆیدا گوزەر دەکات، بەڵام لە رابردوودا یانەکە زۆر قۆناخی سەختی بڕیوە و شەوەکەی یۆرکیش بە خراپترین وێستگەی مێژووی یانەکە دادەنرێت. گاریس تەیڵەر، یاریزانی پێشووی مانچێستەر سیتی لەبارەی یارییەکەی دژی یۆرک سیتی دەڵێت "ئەگەر یەکێك لەم چەند ساڵەی دواییدا مانچێستەر سیتی ناسیبێت باوەڕ بە چیرۆکی ئەم یارییە ناکات".
 
یۆرک سیتی میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات، یارییەکە دەستپێدەکات و تەنیا دوای چوار خولەك گۆردن کۆنێڵی گۆڵی یەکەمی یۆرك تۆماردەکات، دواتر پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم کرەیگ رەسڵ ئەنجامەکە بۆ مانچێستەر سیتی یەکساندەکاتەوە و تاوەکو کۆتاییەکانی یارییەکە ئەنجامەکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، بەڵام چوار خولەك بەر لە کۆتایی هاتنی یارییەکە ئاندی داوسن گۆڵی دووەمی یۆرك تۆماردەکات، یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەکەی یەکلادەکاتەوە و مان سیتی تووشی خراپترین دۆڕانی مێژووی خۆی دەکات.
 

خراپی ئەم دۆڕانە لە رووی ئەنجامەوە نییە، بەڵکو خراپییەکە لەوەدایە مانچێستەر سیتی دوای ئەو یارییە بۆ خراپترین پێگەی خۆی لە خولەکانی ئینگلتەرادا دابەزی، یانەکە بەو دۆڕانە هاتە پلەی 12ـی خولی پلە دوو و 15 خاڵ لە ناوچەی سەرکەوتن دوورکەوتەوە.
 
سەرەڕای خراپی ئەنجامەکە، ئەو یارییە بە بە خاڵی وەچەرخانی مێژووی مانچێستەر سیتی دادەنرێت، دوای ئەو شەوە هەڵسانەوەی یانەکە دەستیپێکرد، سیتیزینس دوو یاریی دواتری خۆی بەرامبەر رێکسم و ستۆك بە سەرکەوتن کۆتایی پێهێنا و رێگەی بردنەوەی دۆزییەوە، لە دوایین 24 یاریی خۆی لە وەرزەکەدا تەنیا یەك جار تووشی شكست بوو، لە کۆتایی وەرزەکەدا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بۆ پلەی ئۆف سەرکەوت. 
 
لە یاریی کۆتایی پلەی ئۆفدا، 77 هەزار هاندەر روو لە یاریگەی وێمبڵی دەکەن بۆ بینینی رووبەڕووبوونەوەکەی مانچێستەر سیتی و گیڵینگهام، لە یارییەکدا کە براوەکەی بۆ خولی پلە یەك سەردەکەوێت.
 
یارییەکە دەستپێدەکات و تاوەکو خولەکی 81 هیچ گۆڵێك تۆمارناکرێت، دواتر لە پێنج خولەکدا گیڵینگهام دوو گۆڵ تۆماردەکات و خەریکبوو خەونی هاندەرانی مانچێستەر سیتی بۆ بینینی سەرکەوتنەوەی یانەکەیان لەناوبەرێت، بەڵام لە خولەکەکانی 90 و 95 هەریەکە لە کێڤن هۆرلۆك و پۆڵ دیکۆڤ دوو گۆڵ بۆ سیتیزنس تۆماردەکەن و جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتنیان زیندوو دەکەنەوە، لە دوو گێمی زیادکراوی یارییەکەدا ئەنجامەکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و یارییەکە دەچێتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، لەوێدا سیتیزنس بە ئەنجامی 3-1 یارییەکە دەباتەوە و بۆ خولی پلە دوو سەردەکەوێت، وەرزی دواتریش لە خولی پلە یەکدا پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت و دوای پێنج ساڵ لە دوورکەوتنەوە بۆ یەکەمین جار دەگەڕێتەوە پرێمەرلیگ. 
 
مانچێستەر سیتی بە باشترین ساڵەکانی مێژووی خۆیدا تێپەڕدەبێت و یانەکە وەرزی رابردوو توانی سێ نازناوە مێژووییەکە بباتەوە و ئێستا بە باشترین یانەی جیهان دادەنرێت، بەڵام یانەکە لە مێژووی خۆیدا بە چەندین قۆناخی هەڵبەز و دابەزدا تێپەڕیوە و چەندین کاتی سەختی بەڕێکردووە، شەوەکەی یۆرك بە یەکێك لە وێستگە مێژووییەکانی یانە شینەکەی مانچێستەر دەمێنێتەوە و بە خاڵی وەچەرخانی یانەکە دادەنرێت، بەشێك لە هاندەرە کۆنەکانی مانچێستەر سیتی دەڵێن "ئێمە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ یانەکەماندا بووین، ئێستا ئەو شەوە بە جۆرێك لە جۆرەکان وەکو یادگارییەکی خۆشی لێهاتووە، بەڵام دڵنیاین نامانەوێت بۆ ئەو کاتە بگەڕێینەوە".