چێڵسی خەون بەجامی ئینگلتەراوە دەبینێت و نیوکاسڵ رێگرە

19-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی کاراباو چێڵسی یانەی نیوکاسڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەکرێ رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی و نیوکاسڵ لە قۆناخی هەشتی جامی کاراباو کەپ، بەهێزترین یاریی نێوان ئەو یانانەبێت کە گەیشتوونەتە قۆناخەکە و سەرنجڕاکێشترینی شەوەکەی ئینگلتەراش بێت.
 
ستامفۆر بریج بەئومێدی درێژەدان بە ئەنجامە ناوازە و سەرنجڕاکێشەکانی تیپە لەندەنییەکە لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر نیوکاسڵ یارییەکەی ئەمشەوی ئەنجامدەدات. بەڵام ئەو ترسەش لە ئارادایە کە چێڵسی تیپێکی لەسەداسەد یەکلاکەرەوە نییە لە وەرزی ئەمساڵدا و دوورنییە بایەخی ئەو جامە بۆ نیوکاسڵ، سەرئێشە بۆ چێڵسی و خەونی گەیشتن بەچوارگۆشەی زێڕینی جامەکە دروست بکات.
 
چێڵسی لە وەرزێکی لێوانلێو لە بەرزونزمیی و نادڵنیایی لە ئاست و ئەنجامەکان. هەروەها زوو دوورکەوتنەوە لە رکابەریی لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ و بێبەشبوون لە هەر پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی، پێویستی زۆری بەوە هەیە وەرزەکەی بەبردنەوەی ئەو نازناوە کۆتایی پێبهێنێت، هەر ئەوەش وایکردووە لای راهێنەری تیپەکە، ئامانجی یەکەمی ئەمساڵ، جامی کاراباو کەپ بێت. ماوریسیۆ پۆچەتینۆی راهێنەر لەبارەی بایەخی جامەکەوە دەڵێ: "من دەمەوێت ئەم نازناوە لە ئینگلتەرا ببەمەوە، هەروەها دەمەوێت جامەکە بەرز بکەمەوە. ئەگەر بتوانین بەردەوام بین لەم پاڵەوانێتییەدا، ئەوا بردنەوەی نازناوەکە کارێکی گرنگە، هیوادارم و ئومێدی من ئەوەیە بیبەینەوە و پێویستیشە ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنین. ئێمە هاوکات دەبێ رێز لە بەرامبەرەکەمان بگرین، یارییەکەی نیوکاسڵ یارییەکی قورس دەبێت، پێموایە ئێمە شایستەی ئەوە دەبین بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی جامەکە".
 
ئەگەر بایەخی جامەکە بۆ چێڵسی لەوەدابێت کە تیپەکە دەیەوێت سەرجەم نوشوست و شکستەکانی ئەمساڵی خۆی لە کۆتاییدا بەنازناوێک پڕ بکاتەوە، بۆ نیوکاسڵیش کە وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتاییدا نازناوەکەی دۆڕاندووە، جامەکە گرنگ و سەرنجڕاکێشە.
 
نیوکاسڵ جیا لەوەی پێشتر هەرگیز لە مێژووی خۆیدا ئەو جامەی نەبردووەتەوە، ئەوەش بۆی گرنگە کە بەبەدەستهێنانی جامەکە قەرەبووی دۆخی خراپی خۆی لە پرێمەرلیگ و چوونە دەرەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بکاتەوە.
 
ئێدی هاوی راهێنەر، کە وەرزی پێشووی بەهەموو پێوەرێک بەراورد بە وەرزی ئەمساڵی لەگەڵ نیوکاسڵ باشتربوو، ئەوەی لەبەرچاوە کە لە کۆتایی وەرزدا مانەوە و بەردەوامبوونی لە یانەکە پەیوەست دەبێت بەبەدەستهێنانی ئەنجامەکان، چونکە کارگێڕیی یانەکە، پاش نۆژەنکارییەکی بەرچاو لە تیپەکەدا، چیدی قبووڵی ناکەن تەنیا وەک بەشدار لە پاڵەوانێتییەکاندا دەربکەون و پێویستیان بەوە هەیە زوو، تیپەکەیان لەسەر سەکۆی نازناوێک ببینەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە