رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی بالەی عێراق شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئاسای خۆی لە بەغدا ئەنجامدا و بڕیاریدا یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن.
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە نایابەکانی بالەی عێراق بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە یانەکانی هەولێر، دوکان لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی سێ یانەی کوردی بەشدار خولەکەن.
ئازاد حەسەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی ناوەندی بالەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە هەبوو کە یارییەکانی خولی نایابی عێراق بەهۆی رازینەبوونی چەند یانەیەک لە شاری هەولێر بەڕێوەناچن، ئێمە وەک یەکێتیی بالەی عێراق بڕیاری کۆتایمان دا و یارییەکان رۆژی 23ی ئەم مانگە لە نێو هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەستپێدەکەن".
یانەی هەولێر کە خاوەن نازناوێکی خولی نایابی عێراقە لە مێژووی خۆیدا، وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی یانە نایابەکانی عێراق پێشکەشکردووە، لە یارییەکانی گردبوونەوەی یەکەم لە شاری بەغدا تیپەکە ململانێییەکی بەهێزی کرد و بەکۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمی خولەکەیە.
کاکەجوان رەمەزان، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی ئامادەکارییەکانیان روونیکردەوە "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش راهێنانی کردووە و باری دەروونی یاریزانانمان سەقامگیرە بۆ مانەوە لە رکابەری و نووسینەوەی سەرکەوتنی دیکە".
یارییەکانی خولی بالەی نایابی عێراق لە هەولێر بەمشێوەیە:
بستامڵی - دوکان
هەولێر - مەسافی شیمال
قەرەقوش - سناعە
وەرزی رابردوو یانەی بەحری نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردەوە، یانەی غازی جنوب پلەی دووەمی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ