ڤیدیۆ؛ جەزائیر بەبردنەوەی مۆندیالی عەرەب چەند پارەی وەرگرت؟

19-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی جەزائیر
هەڵبژاردەی جەزائیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی جەزائیر جامی عەرەب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی جەزائیر بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوی پاڵەوانێتی جامی عەرەبی بردەوە، دوای ئەوەی لە یارییەکی بەهێز و زەحمەتدا سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی تونس بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 60 هەزار هاندەر، هەردوو هەڵبژاردە عەرەبییەکەی کیشوەری ئەفریقا لەسەر یاریگەی ئەلبەیت رووبەڕووی یەکبوونەوە و لە کاتی زیادکراودا جەزائیری پاڵەوانی ئەفریقا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردە هەر لەسەرەتای یارییەکەوە بە هێرشبردن دەستیانپێکرد و مەترسیان خستە سەر گۆڵی یەکدی بۆ ئەوەی پێشبکەون، تونس تۆپێکی لە ستووندا و جەزائیریش هەلێکی ئاسانی لەدەستدا.
 
یارییەکە لە کاتی ئاساییدا بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
هەردوولا پەنایان بردە بە 30 خولەکی کاتی زیادکراو، لە خولەکی 99 ئەمیر سەعیود گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی لە دەرەوەی ناوچەی سزا بۆ جەزائیر تۆمارکرد و تونسی خستە بارودۆخێکی زەحمەتەوە.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا لەکاتێکدا گۆڵپارێزی تونسیش سەرکەوت بۆ ئەوەی ئەنجامەکە راستبکەنەوە، بەڵام لە هێرشێکی پێچەوانەدا یاسین براهیمی بەتەنیا مایەوە و گۆڵی دووەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد و جەزائیر بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا و رایس مەبلوحی جامی عەرەبی بەرزکردەوە.
 
دوای بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، هەڵبژاردەی جەزائیر ریکۆردێکی جیهانی تۆمارکرد و لە 39 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، کە پێشتر هیچ هەڵبژاردەیەک نەیتوانیوە ئەم ریکۆردە تۆماربکات.
 
جگە لەوەش جەزائیر خەڵاتێکی دارایی گەورەی بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار وەرگرت، هەڵبژاردەی تونس 3.5 ملیۆن دۆلاری پێدرا، قەتەری سێیەمی پاڵەوانێتییەکە 2 ملیۆن دۆلار و میسری چوارەمیش 1.5 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
 
لە پاڵەوانێتییەکەدا یاسین براهیمی، یاریزانی هەڵبژاردەی جەزائیر وەک باشترین یاریزان دەستنیشانکرا، رایس مەبولحی، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەش وەک باشترین گۆڵپارێز دیارییکرا و سەیفەدین ئەلجزیری، هێرشبەری تونسیش بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە