کارلۆ ئەنچیلۆتی: بارسێلۆنا رکابەری ریال مەدرید نییە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رایگەیاند بارسێلۆنا چیدی رکابەری ئێمە نییە لە لالیگادا، گوتیشی "ئێدین هازارد بەرامبەر کادیز بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات".
 
ئەمڕۆ لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 18ـی لالیگادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری کادیز دەکات و یارییەکە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، کارلۆ ئەنچیلۆتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رەتیکردەوە ئێستا بارسێلۆنا لە لالیگادا رکابەری راستەوخۆی ریال مەدرید بێت.
 
راهێنەری ریال مەدرید گوتی "بارسێلۆنا چیدی رکابەری راستەوخۆی ریال مەدرید نییە لە لالیگادا، چونکە هەندێک تیپی دیکە هەن لە ریزبەندیدا پێش ئەو کەوتوون وەک سێڤییا و ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام بارسا لە توانایدایە تاوەکو کۆتایی بجەنگێت، ئەگەر من راهێنەریشیان بوومایە هەر هەمان قسەم دەکرد".
 
سەبارەت بە لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی، راهێنەرە ئیتاڵییەکە گوتی "ئەنجامی پشکنینەکەی نێگەتیڤ بوو، بەڵام ماندووە و پلەی گەرمییەکەی هەندێک بەرزە، بۆیە لەم یارییەدا ئامادە نابێت، ناشزانم کە چوارشەممە یاری دەکات یان نا، دەبێت چاوەڕێ بین و بزانین پرۆتۆکۆلەکان چیدەڵێن".
 
ئەو دووپاتیکردەوە کە ئێدین هازارد وەک یاریزانی سەرەکی دەستپێدەکات و گوتی "هازارد یاری دەکات و کولێتی و ئارەزووی خۆی نیشاندەدات، یاریکردنی ئەو پەیوەندی بە پێکانەکانەوە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی باش مەشق دەکات و شایەنی ئەوەیە یاری بکات".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی کەریم بنزیماشەوە دڵنیایی دا و گوتی "کەریم لە دۆخێکی زۆر باشدایە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداری لە مەشقەکاندا کردووە و بەدڵنیاییەوە یاری دەکات".
 
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی لالیگای گرتووە، بارسێلۆناش 27 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی دێت، کە لە دوایین 2 ساڵدا، لەم کاتەی وەرزدا هیچ کاتێک بارسا وەک ئێستا لە رووی ئەنجامەوە خراپ نەبووە.