خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق بەبەشداری 3 یانەی کوردستان دەکرێت

19-12-2020
محەممەد کارێزی
A+ A-


رووداو دیجیتال 

رۆژی یەکشەممە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق دەستێپێدەکات، ئەمساڵ 14 یانە بەشدارن و یارییەکان بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت. 

کۆمەڵەی یەکەم لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، حەبانییە، قاسم، مەسافی باکوور، دوکان، سناعە و شورتە پێکهاتووە.

کۆمەڵەی دووەم بریتیە لە یانەکانی هەولێر، بەحری، حەدیسە، بەلەد، جەیش، دەغارە و غازی باشوور.

یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم رۆژی یەکشەممە لە شاری بەسڕا دەستپێدەکات، یانەی حەدیسە رووبەرووی یانەی غازی باشوور دەبێتەوە، یانەی بەلەد و یانەی هەولێریش یارییدەکەن، یانەی جەیش و یانەی دەغارەش رکابەری یەکدی دەکەن، یەکێتی بالەی عێراق هێشتا وادە و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام وا چاوەڕواندەکرێت لە شاری سلێمانی بێت.

لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، یانەی هەولێری پلەی چوارەمی وەرزی رابردوو، یانەی دوکان بەشداریی خولەکەن.

یانەی هەولێر بە پێکهاتەیەک یاریزانی لاوی هەرێمی کوردستان بەشدارە، لەبەرئەوەی یاریزانە بەئەزموونەکانی یانەکە ریزی یانەکەیان جێهێشتووە و گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانی دیکە واژۆ کردووە.

خالید ساڵح، راهێنەری بالەی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند " من ئەزموونێکی زۆرم لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوان و تازەپێگەیشتوانی عێراق هەیە، زۆر خۆشە کارکردن لەگەڵ یاریزانی نوێ، بەشێوەیەک بتوانیت یاریزانی ئاستبەرز دروست بکەی بۆ داهاتووی یانەکە و ئەنجامت هەبێت".

سالح روونیشکردەوە" متمانەم بە یاریزانەکانم هەیە بتوانن رکابەری بکەن، بەڵام ئێمە کاتمان دەوێت بۆ ئەوەی پێکهاتەیەکی بەهێز دروستبکەین، یاریزانی بە ئەزموون لە ریزی تیپەکەمدا نییە و یاریزانە بەهێزەکان ماڵئاواییان لە تیپەکە کردووە.

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خاوەن دوو نازناوی خولەکە، بەکۆکردنەوەی ئەستێرەکانی بالەی عێراق وەرزی ئەمساڵیش دەیەوێت ململانێ بکات لەسەر نازناوەکە و ئامادەکارییەکی زۆریکردووە.

وەلید عارەب، یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەبارەی بەشداری ئەمساڵیان روونیکردەوە" تیپەکەمان هیچ کەموکوڕییەکی نییە و دەمانەوێت سەرجەم یارییەکان ببەینەوە، ئێستا ئێمە یەکێکین لە تیپە بەهێزەکانی عێراق، تەنیا بیر لە خولی عێراق ناکەینەوە، بەڵکو دەمانەوێت بەشداریی پاڵەوانێتیەکانی ئاسیا و عەرەبی بکەین".

پێداچوونە؛ سامان وڵاتژێری

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە