رووداو دێجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، هەردوو یانەی هەولێر و ئاکرێی بەشدار لە خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا ئاشتدەکاتەوە، دوای ئەوەی لە گەڕی دووەمی خولەکەدا گرژی کەوتە نێوان هەردوو یانە.
لە گەڕی دووەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، بڕیاربوو یاریی هەولێر و ئاکرێ لە یاریگەی دووەمی فەرەنسۆ هەریری بەڕێوەبچێت، بەڵام یارییەکە نەکرا و دوای ئەوەش هەژار سابیر، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی ئاکرێ بە رووداوی گوت "یەکێک لە ئەندامانی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە ئێمە گوتووە، ئێوە تاوەکو وەرزی رابردوو لەنێو قوڕدا یاریتان دەکرد و بێڕێزیی بە یانەی ئاکرێ کردووە، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە و سووکایەتیکردن بە یانەی ئاکرێ هێڵی سوورە، بۆیە دەبێت داوای لێبوردن بکەن."
دوای ئەم قسانەی سەرپەرشتیاری یانەی ئاکرێ، گرژی کەوتە نێوان هەردوولا و هاندەرانی ئاکرێ ناڕازی بوون.
بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر، لە گەڕی سێیەمدا، سروود غازی، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە رێگەی رووداوەوە داوای لێبوردنی لە یانەی ئاکرێ کرد و گوتی "داوای لێبوردن لە گەورە و بچووکی یانەی ئاکرێ دەکەم و رێگە نادەین کەس درز بخاتە نێوان هەردوو یانە."
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی سروود غازی، لە تۆڕی میدیایی رووداو، هەژار سابیر جارێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کردەوە و گوتی "سروود غازی کەسێکی بەڕێزە و پەیوەندییەکی زۆرباشمان بەیەکەوە هەیە و خەڵکی هەولێر بەباشی دەناسین و ناکرێت ئێمە سووکایەتی بەیەک بکەین و دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی وەرزشی کوردستان جوانتر بکەین، سووکایەتیکردن بە کەسایەتی منیش کێشە نییە، بەڵام بێزاربووین لە سووکایەتیکردن بە یانەی ئاکرێ."
هەژار سابیر دەڵێت "سوپاسی رووداو دەکەین کە لە رێگەی ئێوەوە کێشەکە چارەسەر بوو."
ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوو تیپ ئاسایی بوونەتەوە و هەردوولا چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکەیان دەکەن لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ