فیدریکۆ ڤاڵڤێردی: پەشیمانم لەوەی خوێندنم تەواو نەکرد
رووداو دیجیتاڵ
فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئاوڕی لە بەشێک لە مێژووی یارییکردنی خۆی داوەتەوە، دەڵێ، پەشیمانم لەوەی لەبەر تۆپی پێ، وازم لە خوێندن هێنا، بەڵام ناچاربووم ئەوە بکەم.
ڤاڵڤێردی، کە لەگەڵ ئۆرۆگوای بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەرازیل دەبێتەوە، باسی ئەوەشی کردووە کە ماوەیەک لە ئارسیناڵ یارییکردووە، بەرلەوەی روو لە ریال مەدرید بکات.
ڤاڵڤێردی باسی قورسیی سەرەتاکانی دەرکەوتنی خۆی کردووە، دەڵێ، "باوکم ئیشی دیلیڤەری دەکرد، لەگەڵ دایکمدا ناچاربوون 24 کاژێر کاربکەن، ئەوان زۆریان دەچەشت تاوەکو من بتوانم لە یاریکردن بەردەوام بم و پێڵاوی یارییکردنم هەبێت و کرێی تاکسیم بۆ دابین بکەن بۆ چوونە مەشقەکان، من پێزانینی زۆرم بۆیان هەیە".
هەروەها دەڵێ، "بەداخەوە کە خێزانەکەمم بەجێهێشت تاوەکو تۆپی پێ بکەم، قۆناخی ناوەندیم تەواوکرد و وازم لە خوێندن هێنا، لە ماڵەوە قسەمانکرد و بڕیارماندا کە پێویستە ژیانم بۆ تۆپی پێ تەرخان بکەم، من دەبوو گرەو لەسەر تۆپی پێ بکەم، بڕیارەکە دروست نەبوو، بەڵام ناچاربووم. ئێستا هەوڵدەدەم منداڵەکانم هان بدەم کە بخوێنن و ئەوەی بەسەر مندا هاتبووە لەبیری بکەن".
ئەستێرەکەی ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "لە تەمەنی پانزە ساڵیدا، زۆرینەی هاوڕێکانم چوونە هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئۆرۆگوای، بەڵام من نەچووم، ئەوە یەکێکبوو لە شۆکە زۆر گەورەکانی ژیانم، دواتریش نەچوومە مۆندیالی 2018.. هەستم بەشەرمەزاری دەکرد، کاتێک دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە شەرمم دەکرد چونکە نەمتوانی ویستی خێزانەکەم و هاوڕێکانم بکەمە راستی. ئەوانەم دەستخەڕۆکرد کە باوەڕیان پێمبوو".
فیدی هەروەها دەڵێ، "حەزم لە راکردن نەبوو.. پێموابوو من وەک مارادۆنا بەهرەمەندم، بەخۆمم دەگوت دەتوانم وەک هێرشبەر یاریی بکەم، راکردنی زۆرم ناوێت".
ڤاڵڤیردی ئاماژەی بەوەداوە کە راهێنەرێک بیرکردنەوەی ئەوی گۆڕیوە، دەڵێ، "ماوەیەکی سەختم بەسەربرد تاوەکو تێگەیشتم، راهێنەرێکم هەبوو لە پلە شەشی خولدا، هەرکاتێک نەگەڕامایەتەوە بۆ بەرگریکردن، منی دادەنیشاند، ئیدی لەوەوە فێربووم کە پێویستە بەرگری بکەم و هاوکاریی هاوڕێکانم بکەم".
یاریزانە ئۆرۆگواییەکە دەڵێ، "لەتەمەنی شانزە ساڵیدا، بانگهێشتی یارییکردن لەگەڵ ئارسیناڵ کرام، خۆم هاتە بەرچاو لە لەندەنم، مەشقم لەگەڵ یاریزانی زۆر باشداکرد، نازانم ئێستا ئەوان منیان لەبیرە یان نا'".
ئەو یاریزانە روونیکردووەتەوە لە ئارسیناڵ، هەریەکە لە ئیملیانۆ مارتینێز، بیلیرین، ئەلێکس سانچێز و کازۆرلا زۆر هاوکارییانکردووە.
دەڵێ، لەسەرەتادا هیج لە زمانی ئینگلیزی تێنەدەگەیشتم، خۆشبەخت بووم کاتێک ریال مەدرید داوای منیانکرد و ئارسیناڵ گرێبەستی لەگەڵ نەکردم.