پەیامی رۆجێ فێدرێر بۆ نادال: فرمێسکەکانت لەبیر ناکەم، تۆ واتکرد من باشتر بم
رووداو دیجیتاڵ
رۆجێ فێدرێر، پەسنی تواناکانی رافایێل نادالی ئەفسانەی تێنسی ئیسپانی و رکابەری گەورەی خۆی کرد. گوتی رافا ئەو یاریزانەیە لە هەموو کەس زیاتر ئاڵنگاریی کردووە لەگەڵیدا و شانازە بەوەی بۆ زیاتر لە دوو دەیە، لە رکابەریدا بووە لەگەڵی.
نادال لەگەڵ تیمی ئیسپانیا، ئەمڕۆ لە جامی دەیڤز بەرامبەر هۆڵەندا یارییدەکات، بڕیارە ئەو یاریزانەی کە خاوەنی 22 نازناوی گراند سلامە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانەکانییەوە بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
فیدرێر کە یەکێک بوو لە سێگۆشەی زێڕینی جیهانی تێنس، لەگەڵ نادال و جۆکۆڤیچ، لە ئێسک پەیامێکی بۆ رافا ناردووە، باسی لە رۆژانی رکابەریی نێوانیان کردووە. ئەو دەڵێ، بە لە شتێکی روونەوە دەستپێبکەم، تۆ ئەو کەسەی زۆرترین یارییت لەمن بردەوە، زیاتر لەوەی من توانیم لە تۆ ببەمەوە.
نادال لە کاروانی رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ فێدرێر، 24 سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو ئەفسانەیەی تێنسی سویسری هەیە، بەرامبەر بە 16 شکست.
رۆجێ دەڵێ، "لە یاریگە لمییەکاندا، هەستمدەکرد وەکئەوەی من هاتبمە نێو یاریگە دڵخوازەکەتەوە رووبەڕووت ببمەوە. وات لێکردم زۆر لەوە زیاتر هەوڵبدەم کە بیرم لێدەکردەوە، تەنیا بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆم بمێنمەوە. واتلێکردم بەئاستمدا بچمەوە، تەنانەت ناچاربووم رێکتەکەی دەستم بەگۆڕم بەئومێدی ئەوەی لە تۆ ببەمەوە".
فێدرێر کە خاوەنی 20 نازناوی گراند سلامە و ساڵی 2022 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێناوە، لە پەیامەکەیدا گاڵتە بەخووە تایبەتەکانی نادال دەکات، دەڵێ، "کەسێک نیم باوەڕم بە شتی پڕوپوچ هەبێت، بەڵام تۆ زۆر لێبڕاوانە کەشی تایبەت بەخۆت هەبوو. شووشە ئاوەکانی خۆتت کۆدەکردەوە و لە تەنیشت یەکتریت دادەنان وەکئەوەی سەرباز بن و بۆت بجەنگن، هەروەها شێوازی پرچ رێکخستنت، رێکخستنی جلوبەرگەکانی ژێرەوە، هەموو ئەمانەت بەوپەڕی باوەڕەوە ئەنجامدەدا".
فێدرێر، هەروەها دەڵێ، من نهێنییەک ئاشکرا ناکەم، هەموو ئەوەم بەدڵبوو کە روویدا، چونکە ناوازە بوو، تۆش هەر وابویت.. رافا تۆ واتکرد من چێژی زیاتر لە یارییەکە وەربگرم.
فێدرێر و نادال، لە دوایین یاریی تێنسزانە سویسرییەکەدا پێش وازهێنانی، پێکەوە دەرکەوتن لە تیمی دووانەی ئەوروپا لە جامی لیڤەر لە ساڵی 2022، ئەوکات وێنەی گریانی ئەو دووانەیە پێکەوە، بووە جێگەی سەرنجی جیهان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فێدرێر دەڵێ، بوونت لە تەنیشمەوە زۆر مانای هەبوو بۆم. نەک وەک رکابەر، بەڵکو وەک هاوبەشێک لە یاریی دووانەدا. هاوبەشیکردن لە یاریگەدا لەو شەوە و گریانمان پێکەوە، رووداوێکی هێندە تایبەتە، تا ماوم لە بیرکردنەوەمدا دەمێنێتەوە.