بەهۆی وێنەگرتن لەگەڵ رۆناڵدۆ، پۆڵەندییەکان زیلێنیسکی بە'بێشەرەف' ناودەبەن
رووداو دیجیتاڵ
پیوتێر زیلێنیسکی، هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا، رووبەڕووی رەخنە و هێرشی تووندی پۆڵەندییەکان بووەوە، پاشئەوەی وێنەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال گرت.
هەریەکە لە پیوتێر زیلێنسکی و نیکۆلا زالیڤسکی، لە دوای شکستی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر پۆرتوگال لە نەیشنسلیگ، بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، وێنەیان لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گرت و ئەوەش، ئەوانی رووبەڕووی هێرش و سووکایەتی زۆر کردەوە.
پۆڵەندییەکان، بەهۆی ئازاری شکستە گەورەکەوە بۆ زیلینێسکییان نووسی کە ئەوان "بێشەرەفن"، چونکە پاش ئەو شکستە گەورەیە، وێنەیان لەگەڵ کریستیانۆ گرتووە، لە وەڵامدا ئەو یاریزانە گوتی، "هەموو ئەوەی کە روویدا تەنیا ئەوەیە کە داوام لێکرد وێنەی لەگەڵدا بگرم، پێموانییە هیچ هەڵەیەکم کردبێت".
ئەوەی زیاتر پۆڵەندییەکانی لەو دوو یاریزانەی وڵاتەکەیان تووڕەکردووە، ئەوەیە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوو گۆڵی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، یەکێکیان بەلێدانی سزا و ئەویدیکەشیان بە دەبڵ کیک.
هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە نەیشنسلیگی ئەمساڵدا ئاستێکی خراپی پێشکێشکرد، لە شەش یاریدا تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێنا، لەگەڵ یەک یەکسانبوون و چوار دۆڕان، هەڵبژاردەکە بۆ ئاستی دووەمی پاڵەوانێتییەکە دابەزی.
ئەوەی زیاتر بەنزینی بەئاگری ناڕەزایەتییەکانی پۆڵەندییەکانداکرد لەبەرامبەر ئەو دوو یاریزانەی هەڵبژاردەکە، جاک باکی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەکە بوو کە لە لێدوانێکدا گوتی، ئەمە پەیوەندی بەمنەوە نییە، چونکە دۆخەکە جیاوازە لەوکاتەی من یارییم تێدا دەکرد، بەڵام ئێمە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاوین، کاتی ئەوەیە بچم داوای وێنە لە رۆناڵدۆ بکەم؟ ئەو کابرایە پێنج گۆڵی لە ئێمە کردووە و ئێمەش وێنەی لەگەڵدا دەگرین، دیارە شەرەفمان نییە.
زیلینێسکی کە لە جێگەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بووە کاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندا، بەرگری لە کارەکەی خۆیکرد و گوتی، "من و نیکۆلا لێی نزیکبووینەوە و وێنەمان لەگەڵدا گرت، نە ئێمە و نە رۆناڵدۆ کێشەمان نەبوو لەسەر بابەتەکە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بایەخ بەوە نادەم لە سۆشیال میدیا چی دەگوترێت، بەلای منەوە کریستیانۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو و ویستی ئەوەم هەبوو وێنەی لەگەڵدا بگرم و ئەوەم کرد کە دڵم دەیویست".
یاریزانەکەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لەبارەی شکستەکەوە دەڵێ، "یارییەکەمان دۆڕاند، دەبێ چیبکەم؟ بچم لە سوچێکا خۆم بشارمەوە؟ من چوومە لای رۆناڵدۆ و داوای وێنەیەکم لێکرد، ئەمە هەموو ئەوەیە کە من کردم. هەمووان ئازادن لەوە دەیڵێن، بەڵام من پێموانییە هەڵەم کردبێت.
زیلینێسکی هاوینی رابردوو لە ناپۆلییەوە روویکردە ئینتەرمیلان و ئەمساڵ لەگەڵ ئەو یانەیە، لە هەشت یاریدا، دوو گۆڵی تۆمارکردووە.