دیماریا لەنێوان مێسی و رۆناڵدۆ کێ هەڵدەبژێرێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنیل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئانخێل دیماریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بێنفیکا باس لە بەراورکردنی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت "مێسی رەهەندی زیاتری لە رۆناڵدۆ هەیە."
 
دیماریا هاوڕێیەکی نزیکی مێسییە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ماوەیەکی زۆریش لە ریال مەدرید لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییکردووە و لە پۆدکاستێکدا بەراوردی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە دەکات.
 
ئەستێرە ئەرجەنتییەکە لە پۆدکاستێکدا دەڵێت "پێموایە مێسی وەکو یاریزانێکی تۆپی پێ رەهەندی زیاتری لە کریستیانۆ هەیە، رۆناڵدۆ یاریزانێکی نایاب و گۆڵکارێکی بێ وێنەیە، بەڵام لیۆ دوو بۆ سێ رەهەندی زیاتری هەیە."
 
ئانخێل گوتی "من هەمیشە هەمان شتم گوتووە و بەردەوامیش دەیڵێم، ئەو دووانە باشترین یاریزانی مێژوون، بەڵام روونە لیۆ بەبێ مشتومڕ باشترینی مێژووە و هۆکارەکەشی تەنیا بردنەوەی 8 باڵۆن دۆر نییە."
 
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە ئەستێرەی پێشووی یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان دەڵێت "کریستیانۆ بریتییە لە کارکردن، کارکردن و کارکردن، بەڵام مێسی بەهرەیەکی روونە و دیارییەکە لە خواوە، هیچ هەوڵێک نادات باشترین بێت، تەنیا ئەو کارە دەکات کە هەمیشە دەیکات، رۆناڵدۆ کارێکی زۆرباش دەکات، دەچێتە هۆڵی وەرزشی، مەشق لەسەر تەواوکردنی هێرشەکان دەکات و هەمیشە بەدوای باشتریندا دەگەڕێت، بەڵام لیۆ لەگەڵ هاوڕێکانی یاری دەکات و چێژ وەردەگرێت، لەبەر ئەم هۆکارە بەڕای من جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هەردووکیاندا هەیە، بەبێ هیچ گومانێک لیۆ بەکەس بەراورد ناکرێت."
 
دیماریا تەمەنی 36 ساڵە، وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێناوە، بەڵام لەسەر ئاستی یانەکان لە یانەی بێنفیکا یاری دەکات و گرێبەستی ئێستای لەگەڵ ئەو یانەیە لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە