رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی یانەی وەرزشیی رانیە نزیکەی 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەشەوە 6 رۆژە بایکۆتی مەشق و یارییەکانیان کردووە. جێگری سەرۆکی یانەکە دەڵێت، لەم دوو رۆژەدا مووچەی یاریزانان خەرج دەکرێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینیش دەڵێت، "یان دەبێت خولەکان رابگیرێن یان دەبێت پاڵپشتییەکی بێ جیاوازیی یانەکان بکرێت."
دوای 22 ساڵ چاوەڕوانی و بۆ یەکەمجار یانەی وەرزشیی رانیە لە 2022 بۆ 2023 سەرکەوت بۆ خولی نایابی کوردستان و پلەی چوارەمی لەنێو 16 تیپ بەدەستهێنا. یانەکە 24 یاریزانی هەیە و چەند بەشێکی جیاواز لەخۆدەگرێت.
بڕیاربوو دوێنێ یاریی نێوان رانیە و شێروانە لە گەڕی سێیەمی خولی کوردستان لە یاریگەی سەنگەسەر بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرجەم یاریزانانی یانەی رانیە بایکۆتی یارییەکەیان کرد، دوای تێپەڕبوونی 15 خولەک بەسەر یاری و نەهاتنی یاریزانانی یانەی رانیە، شێروانە بە براوە هەژمار کرا.
حەمە یادە، کاپتنی یانەی رانیە بە رووداوی گوت، "بەڵێنمان پێدراوە گرفتەکان چارەسەر بکەن؛ گلەییمان لە کاربەدەستانی حکومی و حیزبیی سنوورەکە هەیە کە پشتیان تێکردووین."
پێنەدانی مووچە بە یاریزان و کارگێڕیی یانەکە وای لە بەشێک لە ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە کردووە بیر لە دەستلەکارکێشانەوە بکەنەوە.
ئازاد چنارنەیی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەستلەکارکێشانەوەی پێشكێش کردووە و لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "یاریزانانی یانەکەمان بێ ئومێد بوون لە وەرگرتنی مووچە، کە بژێوییان لەسەریەتی و بە مافی خۆیان زانی یاری بەرامبەر شێروانە نەکەن. بە درێژایی ئەو ساڵانە بە سواڵ و سەدەقە تاوەکو ئێرە هێناومانە، یانەکەمان ژێرخانی نییە."
بەختیار حەسەن، جێگری سەرۆکی یانەی رانیە هۆکاری پێنەدانی مووچەی یاریزانان بۆ خەرجنەکردنی بودجەی ساڵانەی یانەکەی دەگەڕێنێتەوە.
بەختیار حەسەن لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "هیچ ساڵێک گەرەنتی سەتا سەتی پێدانی شایستە داراییەکانمان نییە، بەڵام لە خۆشەویستی 10 هەزار هاندەر بەردەوام دەبین. بەشدارینەکردنی یاریی دوێنێمان دۆخێکی نەخوازراو بوو. شایستەی ساڵانەمان 220 ملیۆن دینارە، بەڵام بە میزاجی شەخسی کراوەتە 20 ملیۆن دینار. تەواوی خەرجیی تیپەکەمان 220 ملیۆن دینارە کە ناکاتە نرخی یاریزانێکی خولی نایابی عێراق."
پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین، گوتەی بەشێک لە هاندەرانی یانەی رانیەی لەو سنوورە وەرگرت.
رزگار قادر بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت، "تکا دەکەم ئەو دۆخە چاک بکەن، دەنا من پێش هاندەرانی رانیە دەکەوم و شۆڕشی وەرزشی لەشارەکەدا بەرپا دەکەین."
بەتاڵی گەنجینەی یانەی رانیە تەنگی بە یاریزان و ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە هەڵچنیوە. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بە رووداوی گوت، "بەداخەوە شاری رانیە بەو گەورەیی و بەو جوانییەوە تووشی ئەو قەیرانە بووە. کەس خۆی ناکات بە خاوەنی؛ زۆربەیان تەنیا قسە و بەڵێنە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رەخنە لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، ناکرێ خولەکان بەم شێوازە بەردەوام بن. هیوا قەرەنی لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "ناکرێ خول بکرێتەوە و وەرزشکار بێ ئومێد بکرێت."
هیوا قەرەنی گوتی، "کێشەی دارایی یانەکان تەنیا رانیە نییە. لە سنوورەکەمان پێنج یانەی وەرزشی هەن و بودجەی ساڵانەیان سەرووی یەک ملیار دینارە. تەنیا یانەی قەڵادزێ 200 ملیۆن دینار قەرزدارە. خولی کوردستان لە چوارچێوەیەکی داخراودا دەخولێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی لە بواری وەرزش نەکردووە. پێویستە لە ئاستی باڵادا قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت. یان خولەکان رابگیرێن یان پاڵپشتییەکی بێ جیاوازیی یانەکان بکرێت. لە رابردوودا زۆر هاوکاریی یانەی رانیەم کردووە، بەڵام بابەتەکە بە قەرز و پاڕانەوە چارە ناکرێت، دەبێ چارەیەکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەو بابەتە بکرێت."
یانەی وەرزشی رانیە جگە لە نەدانی پارەی مووچەی یاریزانەکانی، 90 ملیۆن دیناریش قەرزی وەرزی رابردووی لەسەرە.
بەختیار حەسەن گوتی، "لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارە کۆبووینەوە و چارەسەرێکی کاتیمان دانا. لەم دوو رۆژە مووچەی یاریزانان خەرج دەکەین، بەردەوام دەبین لە بەشداریکردن لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ