عێراق میوانی عومانە و لەبارەی یارییەکەوە هۆشداری دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی ئەمڕۆ ئێوارە هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یاری دەکات.
یارییەکە کاژێر 19:00 لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق دوای یەکسانبوونی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر ئوردن، دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکات و هاندەرانی دڵخۆش بکات.
دوای ئەو یەکسانبوونە لەگەڵ ئوردن، بەشێکی زۆری هاندەرانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکەدا پێشاندا.
بۆ ئەم یارییە عومان ئامادەبوونی هاندەرانی هەڵبژاردەکەی کردووەتە بێبەرامبەر، لەبەرئەوەش راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "داوا لە هاندەرانی عێراقی دەکەین، بلیتی یارییەکە لە هاندەرانی عومان نەکڕنەوە چونکە بۆ هاندەرانی عومانی بێبەرامبەر."
6 هەزار هاندەری عێراق بۆ یارییەکە چوونەتە مەسقەت، بەڵام تەنیا 2 هەزار بلیت بۆ هاندەرانی یانەکە دانراون و هاندەرانی عێراق لە دۆخی بەر لە یارییەکە ناڕازین.
بەر لەم یارییە هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمدا خاوەنی هەشت خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، عومان لە پلەی چوارەمە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "هەردوو تیپ لە ماوەیەکی نزیکی رابردوودا سێ جار لە بۆنە جیاوازەکاندا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و بەباشی یەکدی دەناسن، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یارییەکە ببەینە و پلانی تایبەتمان بۆ یارییەکە دەبێت و کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکەین."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "دڵخۆشم بە هاندانی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق و پاڵپشتی بەردەوامیان، دەزانم ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی یارییکردن لە مۆندیالدا، تەنانەت کاتێک یاریزانەکان دەخەون ئەوان هەر سەرقاڵی کارکردنن و هەست بە کارکردنی ئەوان دەکەین."
لەبارەی یارییکردنی عەلی جاسم لە یارییەکەدا، خیسوس کاساس بە رۆژنامەڤانانی گوت "عەلی جاسم بۆ یارییەکە ئامادەیە، مستەفا سەعدوون بەهۆی وەرگرتنی کارتەکانەوە یاری ناکات، جەلال حەسەن پێکانی هەیە و زەید تەحسینیش دەبێت سەیری دۆخەکەی بکەین."
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین دوو یارییدا بەرامبەر عومان هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە و لە 2013ـەوە یەکەمجارە دەچێتە نێو خاکی ئەو وڵاتە بۆ یارییکردن و ئەو کاتە لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای 2015 بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە عومان دۆڕا.