رۆدریگۆ گەڕایەوە مەشقەکانی ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، هەواڵی خۆش گەیشتووەتە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەگەڕانەوەی رۆدریگۆ بۆ مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکە.
 
ریال مەدرید پێشتر لە یاریی بەرامبەر ئۆسەسۆنادا، هەریەکە لە رۆدریگۆ، میلیتاو و ڤاسکێزی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا.
 
بەپێی پشکنینە پزیشکییەکانی ئەوکاتی یانەکە، وەرزی میلیتاو بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆیەوە کۆتاییهات، بەڵام ڤاسکێز و رۆدریگۆ پێشبینیدەکرا لانیکەم، مانگێک لە یاریگەکان دووربکەونەوە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، رۆدریگۆ گەڕاوەتەوە مەشقەکان و توانیویەتی بەتۆپەوە لەسەر چیمەنی یاریگە رابکات.
 
پێشتر راگەیێنرابوو کە رۆدریگۆ پێویستی بەپێنج تاوەکو شەش هەفتە هەیە بۆ چاکبوونەوە، بەڵام دەرکەوتنەوەی لە سەنتەری مەشقەکانی ڤاڵدێبێباس، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو بووە.
 
ئەو یاریزانانەی ریال مەدرید کە نەچوونەتە گەشتی ئەمجارەی نێودەڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان، سەرقاڵی مەشقکردن و ئامادەسازین بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە.
 
رۆدریگۆ پێکانەکە لە ماسوولکەی رانی چەپیدا بوو.
 
ریال مەدرید تاوەکو پشووەکانی سەری ساڵ، زنجیرەیەک یاریی بەهێز و چارەنووسساز چاوەڕێی دەکات. یانەکە لە ماوەی 30 رۆژدا نۆ یاریی ئەنجامدەدات، بەیاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتالیشەوە کە لە دەوحەی پایتەتی قەتەر، بەڕێوەدەچێت.