سزادانی ئێڤەرتۆن بەدڵی مان یونایتدە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا دوو ئەستێرەی ئێڤەرتۆن بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.
 
بەپێی میدیاکان، یانەی مانچێستەر یونایتد چاوی لەوەیە ئەو دۆخە خراپەی ئێڤەرتۆن بقۆزێتەوە و گرێبەست لەگەڵ ئامادۆ ئۆنانا و جاراد برانسوایتدا بکات و بۆ ریزەکانی بیانگوازێتەوە. 
 
یانەی ئێڤەرتۆن بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاری خاوێنەوە تووشی قورسترین سزا بووەوە لە مێژووی پرێمەرلیگدا، کاتێك یانەکە 10 خاڵی لێکەمکرایەوە و بۆ پلەی 19ـی ریزبەندی دابەزی. 
 
دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، هەریەکە لە یانەکانی بێرنلی، لیدز یونایتد و لیستەرسیتی داوای یاساییان لەسەر ئێڤەرتۆن تۆمارکرد و داوای 300 ملیۆن پاوەند لە یانەکە دەکەن بەهۆی ئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا کە ئەو سێ یانەیە لە پرێمەرلیگەوە بۆ چامپیۆنشیپ دابەزیون، ئێڤەرتۆن نزیك بووە لە ناوچەی دابەزین و ژمارەی خاڵەکانی لەو سێ یانەیە نزیکبووە بۆیە پێیانوایە ئێڤەرتۆن دەبێت قەرەبوویان بکاتەوە.
 
لە ئەگەری ساخبوونەوەی داواکەی ئەو سێ یانەیە، پێشبینی دەکرێت ئێڤەرتۆن بەشێكی زۆری ئەستێرەکانی بفرۆشێت بە مەبەستی دانەوەی ئەو بڕە پارەیە و ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ زۆر یانەی ئەوروپا و بەتایبەتیش یانەی مانچێستەر یونایتد، کە چاوی لەوەیە لە گواستنەوەی زستانەدا چەند گرێبەستێك ئەنجامبدات بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ژمارە زۆرەی یاریزانان کە یانەکە بەهۆی پێکانەوە لەدەستی داون. 
 
بەپێی دوایین هەواڵەکان، ئێریك تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا بەلایەنی کەمەوە بەرگریکارێك بۆ یانەکەی بگوازێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاودێری جاراد برانسوایتی بەرگریکاری لاوی ئێڤەرتۆن دەکات.
 
برانسوایتی تەمەن 21 ساڵ، یەکێکە لەو بەرگریکارانەی توانایەکی باشی لە یاریکردن بە تۆپەوە هەیە و دەتوانێت بەشداری لە بنیادنانی هێرشدا بکات. ئەمەش بەدڵی تێن هاگە بەهۆی ئەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە سوورە لەسەر ئەوەی یانەکەی دەبێت هێرش لە بەرگریکەرانەوە بنیادبنێت و هەنگاو بە هەنگاو تۆپ بۆ پێشەوە بنێرن. 

 

 
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی مان یونایتد دەیەوێت بیگوازێتەوە، ئامادۆ ئۆنانای ناوەڕاستکارە. ئەستێرە بەلجیکییەکە لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشكێش کردووە و بەم هۆیەوە بووەتە جێی بایەخپێدانی زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپا. 
 
بەپێی میدیاکان، کاسیمیرۆی ناوەڕاستکاری مانچێستەر یونایتد، ئەگەری هەیە یانەکە بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە خولی سعودیەوە بکات. ئەمەش وادەکات تێن هاگی راهێنەر بەدوای یاریزانێك بگەڕێت کە بتوانێت یارمەتی بەرگری بدات و یاریکردنی بە تۆپەوە باشبێت، ئەم کوالێتیانەش لە ئۆنانادا هەیە و پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری سزادانی ئێڤەرتۆن، مانچێستەر یونایتد هەوڵبدات یاریزانەکە بۆ ریزەکانی بیگوازێتەوە. 

 

 
یانەی مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی دەکەن و یانەکە لە هیچ کام لە پاڵەوانێتییەکاندا دۆخی باش نییە و دەیەوێت بە گرێبەستکردن لەگەڵ چەند یاریزانێکدا ریزەکانی بەهێز بکات و رکابەری نازناوەکان بکات.