ڤێرستاپن بەردەوامە لە شکاندنی ریکۆردەکان

روداوو دیجیتاڵ
 
لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا گەڕێکی دیکەی رکابەرییەکانی فۆرمولا وەن بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئەستێرەی گۆرانی و ئەکتەری بەنێوبانگ بەڕێوەچوو.
 
ماکس ڤێڕستاپنی هۆڵەندی ریکۆردی نوێی تۆمارکرد و چووە نێو مێژووی رکابەرییەکانی فۆرمولا وەن،کاتێک هەژدەیەم پێشبڕکێی فۆرمولا وەنی بردەوە، بەمەش دووبارە ریکۆردی تۆمارکرد، کە ریکۆردی ساڵی رابردووش هەر بەناوی خۆیەوە بوو.
 
ڤێرستاپن لەم ساڵەدا، بە ئاستێکی نموونەیی و سەرنجڕاکێشەوە دەرکەوت، ساڵی 2023 بۆ ئەو لەبیرنەکراوە و لە کۆی 21 پێشبڕکێ کە بەشداریی تێیدا کرد، توانیی 18 جار پلەی یەکەمی رکابەرییەکان بباتەوە.
 
ماکس تەمەنی 26 ساڵە، ئەمە جاری سێیەمە لەسەریەک خەڵاتی فۆرمولا یەک بەدەستدەهێنێت، لەم وەرزەدا لە کۆی 21 پێشبڕکێ 18ی بردووەتەوە بە ڕێژەی 85.71 لە سەد کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە مێژووی یارییەکەدا، بەر لە ماکس زۆترین بردنەوە لە یەک وەرز 13 بردنەوە بوو کە هەریەک لە مایکڵ شوماخێر و سیباستیان ڤێتل تۆماریان کردبوو لە وەرزەکانی 2004 و 2013 دا، بەڵام ساڵی رانردوو ڤێرستاپن سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی ئەم ژمارەیە بە بردنەوەی 15 پێشبڕکێ لە ماوەی یەک ساڵدا.
 
دوایین پێشبڕکێی ساڵ رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە شاری ئەبوزەبی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکرێت لەو رکابەرییەشدا ماکس پلەی یەکەم بباتەوە و بگاتە بەرزترین ریکۆردی بردنەوە لە مێژووی یارییەکەدا، کە زەحمەتە هیچ شۆفێرێکی دیکە بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەم ریکۆردانەی شۆفێرە بەلجیکییەکەی تیمی رێدبوڵ بشکێنێت.
 
لە پێشبڕکێی ئەمجارەی لاس ڤێگاسدا ماکس لە پلەی دووەمدا دەستی پێکرد لە دوای  چارلس لیکلێری فەرەنسی، بەڵام رکابەرییەکی بەهێزی کرد و تاوەکو دوایین ساتەکان بەردەوامبوو و بە جیاوازیی 2 چرکە لەگەڵ رکابەرەکەی توانیی خێراتر بگاتە خاڵی کۆتایی و پلەی یەکەم بباتەوە.
 
لە وەزی ئەمساڵدا ماکس ڤێرستاپن دوای 10 پێشبڕکێ لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا توانی پاڵەوانێتی ئەمساڵ بۆخۆی مسۆگەر بکات بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک ببێتە پاڵەوانی فۆرمولا یەک.