ڤیدیۆ؛ جۆکۆ بەرەو مێژووییەکی نوێ و سینێر بۆ یەکەم نازناو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزدا، نۆڤاک جۆکۆڤیچ سەرکەوتنی بەرامبەر کارلۆس ئەلکاراز بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی دوایین پاڵەوانێتیی تێنسی ساڵ.
 
جۆکۆڤیچ لەگەڵ ئەوەی تەمەنی بەرزە، بەڵام بە ئاستێکی بەرزەوە چووە نێو رکابەرییەکە و توانیی بەرامبەر توانای جەستەیی یاریزانە لاوەکەی ئیسپانیا بوەستێتەوە و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئەلکاراز هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لە رکابەرەکەی دوورنەکەوێتەوە، هەردوو تێنسزانەکە چەندین خاڵی سەرنجڕاکێشیان تۆمارکرد، بەڵام ئەمجارەش نۆلێ سەرکەوت و کۆمەڵەی دووەمی بە شەش دوو لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و بە کاژێرێک و 28 خولەک خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و هەنگاوێکی ماوە بۆ ئەوەی ریکۆردی رۆجێر فێدێرێر بۆ بردنەوەی نازناوەکانی پاڵەوانێتییەکە یەکسانبکاتەوە و ببێتە خاوەنی 6 نازناو.
 
جۆکۆڤیچ خاوەنی 5 نازناوە و لە 2015ـەوە نەیتوانیووە نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە.
 
یانیک سینێری ئێتاڵی درێژەی دایە سەرکێشییەکانی و لە یارییەکی دراماتیکیدا سەرکەوتنی بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بەدەستهێنا و شوێنی خۆی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا کردەوە.
 
سینێر هەر زوو کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد، کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، رکابەرییەکە گەیشتە لووتکە، مێدڤێدێڤ خۆی بەدەستەوە نەدا و دوای رکابەرییەکی زەحمەت و درێژ لە تای برێکدا بە حەوت شەش کۆمەڵەکەی بردەوە و یارییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکەرەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئاستبەرزیی سینێر مێدڤێدێڤی بەتەواوی ماندووکرد، بە ماندووبوونێکی کەمتر لە کۆمەڵەی یەکەم توانیی یارییەکە یەکلابکاتەوە و بە شەش یەک کۆمەڵەی سێیەمی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
 
لە یاریی کۆتاییدا سینێری ئیتاڵی رووبەڕووی جۆکۆڤیچ دەبێتەوە و دەیەوێت یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە لەنێو خاکی خۆیدا لە ئیتاڵیا بباتەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی کۆتاییدا نۆڤاک جۆکۆڤیچ و یانیک سینێر رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.