چاڤی داوای هاوڕێیەکی مێسی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی چاودێری جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات، بەهۆی ئەوەی چاڤیی راهێنەر دەیەوێت بە هێنانی ئەو یاریزانە هێڵی هێرشبردنی تیپەکەی بەهێزتر بکات.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، زۆر سەرسامە بە جولیان ئەلڤارێز و دەیەوێت تواناکانی بەدەستبهێنێت و دەڵێن "راهێنەری بارسێلۆنا بەڕاستی حەزی لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییە تەمەن 23 ساڵەکەیە و وەک یاریزانێکی کوالیتی لە داهاتوودا لە یانەکەدا دەیبینێت".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، چاڤی داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە لاوەکەی ئەرجەنتین بکەن.
 
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەلڤارێز وەک ئامانجێک بۆ پاڵەوانی ئیسپانیا باس بکرێت.
 
راهێنەری بارسێلۆنا، پێیوایە کە سەرەڕای ئەوەی ساڵی داهاتوو ڤیتۆر رۆکی دەگاتە بارسا، بەڵام یانەکە هێشتا پێویستی بە هێرشبەرێکی دیکەی کوالیتی بەرز دەبێت بۆ ئەوەی جێگەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە، کە پێدەچێت تەمەن زەفەری پێببات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە گواستنەوەی ئەلڤارێز بەهیچ شێوەیەک ئاسان نابێت بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاریزانە تەمەن 23 ساڵەکە، گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە و تاوەکو ساڵی 2028 درێژ دەبێتەوە.
 
هەرچەندە هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر دەستەوارەیەک بە بەهای زیاتر لە 80 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی مانچێستەر سیتی بکرێت، ئەگەر هەیە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ رەزامەندی لەسەر رۆیشتنی جولیان ئەلڤارێز بدات.