ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی فەرەنسا مێژوویەکی نوێی تۆمارکرد و 14-0 لە گیبرالتاری بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی فەرەنسا، دەستکەوتێکی بێوێنە و مێژوویی بەدەستهێنا و گەورەترین ئەنجامی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد.
 
لە میانی یارییەکانی قۆناخی نۆیەمی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیادا، هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا میوانداری گیبرالتاری کرد و بە ئەنجامی 14-0 لێیبردەوە.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە هەر گێمێکی یارییەکەدا 7 گۆڵی تۆمارکرد، کە گۆڵەکانی گێمی یەکەم لە لایەن ئەم یاریزانەوە تۆمارکران: ئیناس جۆنسی یاریزانی گیبرالتار لە خولەکی 3 بەهەڵە لە گۆڵی خۆیان، مارکۆس تورام لە خولەکی 4، وارین زایری لە خولەکی 16، کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 31، جۆناسان کلۆس لە خولەکی 34، کینگسلی کۆمان لە خولەکی 34 و یوسف فوفانا لە خولەکی 38.
 
لە گێمی دووەمیشدا، ئەمانە گۆڵەکانی فەرەنسایان تۆمارکرد: ئادریان رابیۆ لە خولەکی 64، کینگسلی کۆمان لە خولەکی 66، عوسمان دێمبلی لە خولەکی 73، کیلیان ئێمباپێ لە خولەکەکانی 74 و 82 و ئۆلیڤێ ژیرۆ لە خولەکەکانی 89 و 90.
 
لەم یارییەدا، کیلیان ئێمباپێ هاتریکی تۆمارکرد و بووە خاوەنی 300 گۆڵ لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا.
 
بەپێی تۆڕی ئاماری ئۆپتا، هەڵبژاردەی فەرەنسا جاری یەکەمە لە مێژووی خۆیدا لە یەک یارییدا زیاتر لە 10 گۆڵ تۆمار بکات.