"قەتەر بەرتیلی بە یاریزانانی ئیکوادۆر داوە بۆ ئەوەی خۆیان بدۆڕێنن"

رووداو دیجیتاڵ

 

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکردووە، قەتەر بڕە پارەیەکی زۆری پێشکەش بە 8 یاریزانی ئیکوادۆر کردووە، بۆ ئەوەی لە یەکەم یارییاندا بەرامبەر قەتەر، کە یاریی کردنەوەی مۆندیالە، خۆیان بدۆڕێنن.
 
سبەی لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی قەتەر رووبەڕووی ئیکوادۆر دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، قەتەر بەرتیلی بە یاریزانانی ئیکوادۆر داوە بۆ ئەوەی لە یەکەم یاری مۆندیالدا کارێک بکەن هەڵبژاردەکەیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە قەتەر بدۆڕێت.
 
مارکا پشتی بە تویتێکی ئەمجەد تەها، شارەزای کاروباری سیاسی ستراتیژی و بەڕێوەبەری ناوچەیی ناوەندیی بەریتانیا لە سعودیە بەستووە، کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، قەتەر پێشنیازی بەرتیلدانی بە 8 یاریزانی هەڵبژاردەی ئیکوادۆری کردووە، کە بەهای 7.4 ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر بەرامبەر قەتەر، بە گۆڵێک بەرامبەر بە هیچ بدۆڕێت.
 
مارکا زیاتر دەڵێت "سەرچاوەکان لە ناوخۆی قەتەر و ئیکوادۆرەوە ئەم کارەی قەتەریان پشتڕاستکردەوە، بەتایبەتی کە قەتەر پێشتر تۆمەتبارکرابوو بەوەی ملیۆنان دۆلاری داوە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022".
 
دەستەڵاتدارانی قەتەر ئامادە نین وەڵامی ئەم تۆمەتانە بدەنەوە و تەنیا دەڵێن "ئەوەی دەگوترێت و دەکرێت تەنیا بەشێکە لەو شەڕە دۆڕاوەی لە دژی وڵاتی قەتەر دەستیان پێکردووە".
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، قەتەر لە یاریگای ئەلبەیت لە دەوحەی پایتەخت، رووبەڕووی ئیکوادۆر دەبێتەوە، لە یاریی یەکەمی مۆندیالی 2022، کە بۆ یەکەمجارە لە وڵاتێکی عەرەبیدا بەڕێوەدەچێت.