پۆچێتینۆ وەڵامی مینیۆ رایۆلا دەداتەوە

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی وەڵامێکی لۆژیکی و لە هەمانکاتدا گاڵتەجاڕانەی مینیۆ رایۆلا، بەڕێوەبەری کارەکانی جیانلویجی دۆناروومای گۆڵپارێزی پاریسی دایەوە.
 
لە رۆژانی رابردوودا رایۆلا گوتی: "دۆنارووما بۆیە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، بۆ ئەوەی گۆڵپاریزی سەرەکی یانە فەرەنسییەکە بێت".
 
لە وەڵامی پرساری یەکێک لە رۆژنامەڤانان سەبارەت بەو بۆچوونەی رایۆلا راهێنەری پاریس سانجێرمان وەڵامیدایەوە و گوتی: "هەمیشە کەسوکار و دۆستە نزیکەکانی یاریزانەکان پێیانوایە هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانیان باشترینی جیهانە، ئەمە بۆ 33یاریزانەکەی دیکەی تیپەکەمان راستە، تەنانەت یاریزانە تازەپێگەیشتووەکانیشمان، خزم و دۆستە نزیکەکانیان واهەست دەکەن، کەس لە یاریزانەکەی ئەوان نایابتر و باشتر نییە".
 
لەبارەی ئەو پرسەوە پۆچێتینۆ ئەوەشی گوت: "تەنانەت هاوسەرەکەم و منداڵەکانم، من بەباشترین راهێنەری جیهان دەزانن، بەڵام من هەرگیز بە خۆم ناڵێم باشترینی جیهانم".
 
هەروەها راهێنەرە ئەرجەنتینیەکە گوتیشی: "بۆچوونی دۆستان و خێزانەکان خۆشەویستی سۆز بەسەریدا زاڵە، ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە، چونکە هەموو باوکێک وادەزانێت منداڵەکەی ئەو زیرەکترینە".
 
پۆچیتینۆ بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی کۆتایی بە قسەکانی سەبارەت بە بۆچوونەکەی رایۆلا هێنا و گوتی: "کاتێک من راهێنەری یانەی ئیسپانیۆل بووم، ماڵ و منداڵەکەم لە کەتەلۆنیا ئازاری زۆریان دەچەشت، چونکە راهێنەری بارسێلۆنا نەبووم".
 
دۆنا رۆما لە هاوینی 2021 گرێبەستی لەگەڵ پی ئێس جی واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت دۆنارووما تاوەکو 2026 لە یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت.
 
پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانە فەرەنسییەکەوە بکات،  دۆنارووما لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی جامەکەی پێبەخشرا.