فیفا خەڵاتی زە بێست دەگەڕێنێتەوە و لیڤاندۆڤسکی بەهێزترین بەربژێرە

19-11-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیڤاندۆڤسکی زە بێست
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان فیفا بڕیاری گەڕاندنەوەی خەڵاتی زە بێست، بۆ باشترین یاریزانی جیهان لە ساڵی 2020 دەدا و لەم مانگەدا دەست بە دەنگدان دەکرێت.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پێشتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو خەڵاتە بۆ وەرزی 2020-2019 درابوو، کە بڕیاربوو لە شاری میلانۆی ئیتالیا خەڵاتەکە دابەشبکرێت.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردەوە، فیفا بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو خەڵاتەی داوە و دەیەوێت باشترین یاریزانی ساڵ دیاری بکات، بۆ ئەوەش لە رۆژی 25ـی ئەم مانگە تاوەکو 9ـی مانگی داهاتوو دەرگای دەنگدان بە بەربژێرەکان دەکاتەوە.

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەهۆی ئەوەی وەرزی رابردوو بووە گۆڵکاری خولی ئەڵمانیا، چامپیۆنزلیگ و جامی ئەڵمانیا و رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەی ئەو سێ نازناوە لەگەڵ یانەکە گێڕا، نزیکترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و هانز فلیکی راهێنەری یانەکەش بۆ خەڵاتی باشترین راهێنەر.

پێشتر یانەی بایرن میونشن رایگەیاندبوو، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی فیفا رازیبکەن ئەو خەڵاتە دابەشبکات، بۆ ئەوەی لیڤا خەڵاتەکە بباتەوە.

دابەشکردنی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی جیهان لەکاتێکدایە، پێشتر گۆڤاری فرانس فۆتبۆڵی فەرەنسی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری دابوو.

لیڤاندۆڤسکی، بەهۆی ئەو دەستکەوتە زۆرانەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ باڤارییەکان بەدەستیهێناون، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە