بەڕێوەبەری گشتی وەرزش: ناکرێت جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیر سەرۆکی یانە بن
رووداو - هەولێر
شاکر ئەحمەد سمۆ، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوانی کوردستان دەڵێت، لە کوردستان سەرۆک یانە هەیە جێگری سەرۆکی هەرێمە، یان بەرپرسی گەورەترین دەزگای ئەمنییە و چەندین وەزیریش بەهەمان شێوە سەرۆکی یانەن، ئەمەش ئەرکی ئێمەی قورس کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوان لەمیانەی بەشدارییکردنیدا لە بەرنامەی وەرزینی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، سێ چوار وەزیر سەرۆکی یانەن، ئەمە شتێکی قورسە و دەبێت ئەوەی لە وەرزشدا کاردەکات تایبەتمەند بێت و تەنیا لەو بوارەدا کاربکات، ناکرێت سەرۆکی یانە بیت و بە 15 ساڵ بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی یان بەڕێوەبەری وەرزشی پارێزگاکەی نەیبینێت.
سمۆ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ناکرێت لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیر بیت و سەرۆکی یانەش بیت، ئەمە هەر لە سلێمانی نییە، بەڵکو لە هەولێر بەرپرسی لق و مەڵبەند هەن سەرۆکی یانەن.
شاکر ئەحمەد سمۆ لە رێگەی بەرنامەی وەرزینەوە داوا دەکات بەرپرسەکان واز لە وەرزش بێنن، بەڵام پاڵپشتی بکەن، ئەوانەی وەرزشیان خۆشدەوێت با کەسی وەرزشی یانەکانیان بەڕێوەببەن و ئەوانیش پاڵپشتیی بکەن بۆ ئەوە مەمنوونیان دەبین، بەڵام مەمنوونیان نابین، ئەوان سەرۆکی یانە بن و لە کۆبوونەوەکانی ئێمەدا ئامادەنەبن، چونکە دەمانەوێت سەرۆک یانەکان ئامادەبن و پێکەوە گفتوگۆ بکەین.