جیاوازییەکە بوو بە دە خاڵ

19-11-2017
رووداو وەرزشی
0
0
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئیسپانیا ئاتلێتیکۆ مەدرید ، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنا لەسەر سەرکەوتنەکانی لە خولی لالیگای ئیسپانیا بەردەوامە، بارسا هەم سێ خاڵی لە لیگانێس وەرگرت، هەمیش سوودمەندی یەکەمی دێربی مەدریدی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید بوو و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ 10 خاڵ بەرزکردەوە.

یانەی بارسێلۆنا بەردەوامە لە راماڵینی یانەکانی لالیگا و ئەمجارە لە لیگانێسی بردەوە و 3 خاڵی بەدەستهێنا، لە پاڵیشیدا مەدریدییەکان پێکەوە خزمەتێکی دیکەیان بە یانە کەتەلۆنییە کرد.

لە یارییەکانی گەڕی 12ی لالیگا، بارسێلۆنا لە مەدرید بووە میوانی لیگانێس و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.

لویس سوارێز هێرشبەری یانەکە لە خولەکی 28 گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی 487 خولەک بوو مانی لە گۆڵکردن گرتبوو، لە گێمی دووەم و خولەکی 60 دووبارە سوارێز تۆڕی لیگانێسی هەژاندەوەو ژمارەی گۆکانی کردە 5 گۆڵ لەم وەرزە و بووە دووەم یاریزان لە دوای میسی بە درێژایی لەلایگا دوو گۆڵ لە یارییەکدا لەو یاریگەیە تۆماربکات.

لە دوا خولەکیشدا پاولینیۆ جۆنیۆرز گۆڵی سێیەمی بارسای تۆمارکرد، کە گۆڵی ژمارە چوار بوو لەگەڵ بارسا،  تیپەکەی ڤاڵڤێردی بە سێ خاڵ گەڕانەوە کەتەلۆنیا و بە 34 خاڵ لە پێشەنگی لالیگا مانەوە.

یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ لە مەدرید بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر،  دێربی مەدرید لە نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید بەڕێوەچوو، هەرچەندە بە درێژایی 90 خولەک هەردوولا فشاری زۆریان خستە سەر گۆڵی یەکدی ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، بە تایبەتی رۆناڵدۆی باشترین یاریزانی جیهان لە 2017، دووبارە شکستیهێنا لە گۆڵکردن و  لەکۆی 55 لێدان بۆ ناوگۆڵ لەم وەرزەدا تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.

هەروەها دوای 35 یاریی لەسەریەک  و بە دریژایی سەردەمی راهێنەرایەتی زینەدین زیدانی راهێنەر، ریال مەدرید نەیتوانی لە یارییەکدا گۆڵ تۆماربکات و هەردوو یانە بە وەرگرتنی خاڵێک کۆتاییان بە دێربیی پایتەخت هێنا و هەردووکیان پێکەوە خزمەتێکی گەورەیان بە بارسێلۆنا کرد و هەنگاوێکی دیکە لەو تیپە دوورکەوتنەوە.

ئێستا جیاوازی نێوان بارسێلۆنای پێشەنگ و ریال مەدریدی سێیەم بووە بە 10 خاڵ و زیدانیش هێشتا ئارامگرە لەو بەڵێنەی لە رۆناڵدۆی وەرگرتووە بە گەڕانەوەی ریال مەدرید بۆ پێشەنگی لالیگا بەر لە هاتنی ساڵی نوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە