ڤیدیۆ؛ کوردێک دەیەوێت تۆڕی بایرن میونشن بهەژێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیا دەستیانپێکردووەتەوە و لە یاریی لووتکەدا، دێنیز ئونداڤ دەیەوێت سەرکردایەتیی یانەی شتوتگارت بکات بۆ بردنەوە لە بایرن میونشن.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولەکەدا، کاژێر 19:30 لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی شتوتگارت، بەر لە یارییە گرنگەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر بایرن میونشن هێزێکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کورد بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
ئونداڤ، لە دوایین یاریی ئەڵمانیا لە نەیشنسلیگدا بەرامبەر هۆڵەندا، بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتووانی یاری بکات و لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەڵام یاریزانەکە دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕاوەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان و رۆژی پێنجشەممە و هەینی بە کۆمەڵ بەشداریی لە مەشقەکاندا کردووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە، ئەمە لە کاتێکدا رۆژی چوارشەممە یانەی شتوتگارت پشووی بە یاریزانە کوردەکە دابوو.
 
لەگەڵ ئەوەی گەڕاوەتەوە نێو یاریگەکان، هێشتا دیار نییە سێباستیان هۆنێل، راهێنەری شتوتگارت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بە سەرەکی یاری بە ئونداڤ دەکات یان نا؟
 
دێنیز ئونداڤ، لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 10 یاریی بەدرێسی شتوتگارتەوە کردووە، 
 
بایرن میونشن بەر لەم یارییە لە 6 یارییدا 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی شتوتگارت لە شەش گەڕی رابردوودا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و پێچەوانەی وەرزی رابردوو، هێشتا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێشنەکردووە و بەرامبەر بایرن میونشن دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە.
 
شتوتگارت ئێستا خاوەنی 9 خاڵە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە.