ئەمڕۆی پرێمەرلیگ.. تێن هاگ لە مەترسیدایە

رووداو دیجیتاڵ

 

تێن هاگ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، چونکە ئەگەر یاریی ئەمجارەی بەرامبەر برێنتفۆرد بدۆرێت لەگەڵ یارییەکەی یۆرۆپالیگ، کە بەرامبەر فێنارباخچەیە، بەئەگەری زۆرەوە دەردەکرێت.
 
ئەوەی ئەرکی تێن هاگی زەحمەتتر کردووە، ئەوەیە کە ئەگەری هەیە مانچێستەر یونایتد تاوەکو 10 یاریزانی پێکهاتەکەی لەدەستبدات بۆ یارییەکەی بەرامبەر برێنتفۆرد، کە بڕیارە لە ئۆڵترافۆرد ئەنجام بدرێت.
 
هەردوو بەرگریکارەکەی لینی یۆرۆ و مالاسیا کاردەکەن بۆ گەڕانەوەیان، لە کاتێکدا هاری ماگوایەر بڕیارە بۆ چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، دوای ئەوەی لە یارییەکەی یونایتد بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا تووشی بوو.
 
هەروەها نوسەیر مەزراوی ماوەیەک دووردەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە بۆ رێکخستنەوەی لێدانەکانی دڵ.
 
کێشەیەکی دیکە کە هەڕەشە لە ئێریک تێن هاگ دەکات، ماندووبوونی بەشێکی زۆری یاریزانەکانیەتی، کە لە ئەرکی نێودەوڵەتی گەڕاونەتەوە.
 
هاندەرانی مان یو لە خراپترین سەردەمیاندا نەیانبینیوە یانەکەیان لە دۆخێکی وەک ئێستا خراپدا بێت، کە چواردەمی ریزبەندییە و لە دوایین سێ یارییدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و لە کۆی 9 خاڵ تەنیا دوو خاڵی بەدەستهێناوە، بۆیە شکست لەم یارییەدا واتا دەرکردنی تێن هاگ کارێکی پێویست و حەلالە.
 
یارییەکی دیکەی گرنگ تایبەتە بە یانەی ئارسیناڵ کاتێک بەئامانجی بردنەوە و چوونە پێشەنگی پرێمەرلیگ دەبێتە میوانی بۆرنمۆس، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتیش بێت، چونکە لیڤەرپوولی یەکەم و مانچێستەر سیتی دووەم سبەی یاری دەکەن.
 
هەرچەندە رکابەرەکەی ئارسیناڵ تاوەکو ئێستا ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە و لە دوایین چوار یارییدا سێجار دۆڕاوە، بەڵام تۆپچییەکانی لەندەنیش یەکێک بوون لەو یانانەی لە هەفتەی فیفادا زیانیان بەرکەوت، کاتێک هەردوو هێرشبەرکەی بوکایۆ ساکا و گابریێل مارتینێلی تووشی پێکان بوون، ئەگەرچی هێشتا ئەگەری یاریکردنی یەکێکیان بەلایەنی کەمەوە هەیە.
 
میکێل ئارتێتا هەموو شتێک دەکات بۆ درێژەدان بە سەرکەوتنەکانی یانەکەی، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە رکابەری لەسەر پێشەنگی پرێمەرلیگ و بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا پەنجەی پەشیمان بوونەوە نەگەزێت بۆ خاڵێک یان دوو خاڵ کە لە یارییەکی هاوشێوەی ئەم یارییە لەدەستیبدەن.