سوپرایزێک گەورە لە بارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ، سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکە پێشکێشیدەکات، ئەگەری هەیە گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و رووبکاتە یانەیەکی دیکە.
 
رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ لەسەر ئاستی تاکەکەسی لە دۆخێکی زۆرباشدایە، بەڵام ساڵی داهاتوو پاڵەوانێتییەکی گەورەی جیهانی لەسەر ئاستی یانەکان دەکرێت و یانەکەی تێیدا بەشدار نییە، بۆیە دۆن بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە دەکاتەوە.
 
تارق نەوفەل، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی سعودی لەو بارەیەوە دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی من، کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستم کەوتوون، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێناکاتەوە و دەیەوێت بچێتە یانەی هیلال."
 
کاتێک پرسیار لە رۆژنامەڤانەکە دەکرێت بۆچی هیلال؟ ئەو دەڵێت "بەهۆی ئەوەی یانەی هیلال بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆی پێشنیازی ئەوەی کردووە پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات بۆ ئەوەی بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بکات."
 
گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەگەڵ یانەی نەسڕ لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، یاریزانەکە ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە لەو یانەیە وەردەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە نەکراوە.
 
لەسەر ئاستی ئاسیا، هەردوو یانەی هیلالی سعودی و ئوراوای ژاپۆنی، بەشداری لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان دەکەن، کە ساڵی داهاتوو لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدایە، بە ئەگەری زۆرەوە، یانەی ئینتەرمەیامی، بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی یەکێک دەبێت لە یانە بەشدارەکانی مۆندیالی یانەکان.