رۆمەنیگێ: یاریزانان کەوتنە ئەو چاڵەوە کە بەدەستی خۆیان هەڵیانکەندبوو

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کارل هاینز رۆمەنیگێ مۆندیالی یانەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارل هاینز رۆمەنیگێی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا، بەپێچەوانەی داواکاریی یاریزانانی تۆپی پێوە، لە دژی ئەوانە وەستایەوە کە گلەیی لە زۆریی یارییەکان دەکەن.
 
رۆمەنیگێ، 69 ساڵ، لە وەڵامی ئەو یاریزانانەدا کە داوایانکردبوو ژمارەی یارییەکانی تۆپی پێ لە وەرزێکدا کەمبکرێتەوە، پاشئەوەی فیفا بڕیاریدا هاوینی داهاتوو، مۆندیالی یانەکان ئەنجام بدات، دەڵێ، یاریزانان خۆیان لەپشت ئەو دۆخەوەن کە بەسەریاندا هاتووە، ئەوان چاوچنۆک و پارەویست بوون، خۆیان گەیاندە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە.
 
رۆمەنیگێ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی گۆڤاری 'کیکەر'ی ئەڵمانیدا دەڵێ، بەرزبوونەوەی مووچە و داواکارییە داراییەکانی یاریزانان و بەڕێوەبەری کارەکانیان، سەریکێشا بۆ ئەم دۆخە. ئەو زیاتر دەڵێ، "یاریزانان و بەڕێوەبەرەکانیان کەوتنە ئەو چاڵەوە کە خۆیان هەڵیانکەندووە، چونکە ئەوان داوای مووچەی زۆر دەکەن. ئێستا پرسیارێک هەیە، یانەکان پارە لە کوێوە دەهێنن؟ بێگومان لە زیادکردنی ژمارەی یارییەکان و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان".
 
ئەو ئەفسانەیەی بایرن میونشن، لەبارەی چارەسەری دۆخەکەوە دەڵێ، "پێویستە هەمووان پێکەوە کۆبننەوە، هەروەها گفتوگۆ بکەن لەبارەی کێشەکانەوە بەئارامی، بەپێی میکانیزمێکی ژیرانە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هەمووان. ئەوەش تاکە چارەسەرە لەپێناو دەستەبەرکردنی سەلامەتیی یاریزانان و پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانی یانەکان".
 
رۆمەنیگێ، کە یەکێکە لەو 125 یاریزانەی لە مێژوودا بەباشترین دادەنرێن، رەزامەندیی خۆی لەبارەی سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ پێشانداوە، لەبەرئەوەی بەهای تەکنیکیی پاڵەوانێتییەکە زیاد دەکات. ئەو دەڵێ، "هەموومان لە کاتی تەماشاکردنی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، هەستمان بەبێزاری دەکرد، لەبەرئەوەی پاش تەنیا چوار یاری دەمانزانی کێ سەردەکەوێت و هەلی چۆنە، بەڵام ئێستا سیستمەکە و رێگەکە قورسترە، بەتایبەت بۆ یانە گەورەکان و سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو ئاسان نابێت و هەموو قورسییەکیش چێژبەخش و سەرنجڕاکێشە".
 
لە ماوەی رابردوودا، چەندین یاریزانی دیار، رەخنەیان لە مۆندیالی داهاتووی یانەکان گرت کە ژمارەی یانە بەشدارەکان تێیدا زیادکراوە و سیستمەکەی گۆڕاوە.
 
لە مۆندیالی داهاتووی یانەکاندا، 24 یانە لە شەش کیشوەری جیاوازەوە بەشداری دەکەن و هاوینی داهاتوو پاڵەوانێتییەکە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
رۆدری، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی، یەکێکبوو لەو یاریزانانەی بەئاشکرا رەخنەی لە زۆربوونی یارییەکانی تۆپی پێ گرت، هەروەها چەندین یاریزانی دیکەش هەمان بۆچوونیان هەبوو.
 
رۆمەنیگێ، دەڵێ، چێژ و خۆشی لە مۆندیالەکەدا دەستەبەرە لە زیاتر لە یارییەکدا، ئەمەش رێک پێچەوانەی بیرکردنەوەی یاریزانانە کە دەیانەوێت مان بگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە