رووداو دیجیتاڵ
داڤید بێکهام، ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا و خاوەنی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی، بەسی وردەکارییەکانی یەکەم رۆژی چوونی لیۆنێل مێسی بۆ یانەکە کردووە و دەڵێ لەوێش مێسی سەرسامی کردم.
بێکهام لە پۆدکاستێکی ریۆ فێردیناند قسەیکردووە، باسی ئەوەیکردووە کە سەرنجڕاکێشترین خاڵ لە کەسایەتیی مێسیدا ئەوەیە کە ئەو زۆر پابەندە لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگەش.
هێرشبەرەکەی پێشووی ئینگلتەرا دەڵێ، یەکەم رۆژی هاتنی مێسی بۆ ئینتەر مەیامی، ئەو یەکەم کەس هات و دوایین کەس بوو کە رۆیشتەوە.
بێکهام گوتوویەتی، "دەگەڕێمەوە بۆ یەکەم رۆژی هاتنی مێسی بۆ یانەکەمان. ئەو لە کاژێر 6:50 خولەکی بەیانیدا هاتبووە یانەکە، لە کاتێکدا کەس لەوێ نەبوو، تەنیا یەک پاسەوان نەبێت کە دەرگاکەی لێکردبووەوە و ئیدی ئەو چووبووە ژوورەوە و دەستی کردبوو بە مەشقکردن، لە کاتێکدا تیپەکە کاژێر 10 دەستدەکات بە مەشقکردن".
ئەستێرەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید زیاتر دەڵێم "ئەو لە هۆڵی ئاسنی یانەکەدا خۆی گەرمدەکرد، هەموو ئەو شتانە دەکات کە پێشبینی دەکەیت گەنجێک بیکات، نەک کەسێک لە تەمەنی ئەودا. من خۆم پێشبینیم دەکرد ئەو ئارامتر بێت پاشئەوەی ئەو هەموو نازناوەی بردووەتەوە، بەڵام وانەبوو، دەبێ یەک شت بڵێم لەسەری، ئەو هەموو کات کەسە براوەکەیە".
بێکهامی 49 ساڵان زیاتر دەڵێم "تاکە شت کە لیۆ دەیزانێت فێربوونە. ئەو زۆر باشیش هەمووان فێردەکات، باشترین کەسە بۆ پەروەردەکردنی ئەو لاوانەی لە ئەکادیمیاوە دێن. وادەکات هیچ یاریزانێک هەست بەکەمیی نەکات لە ئاستیدا. ئەو یاریزانەیە لە گۆڕەپانەکەدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی منداڵان فێر بکات، هەروەها تەماشایان دەکات، هەوڵدەدات هەمووکات یەکەم کەس بێت کە دێتە یانەکە و دوایین کەسیش بێت کە دەڕواتەوە".
ئەو هەروەها زیاتر دەڵێ، "پێموایە تۆ تەنیا کاتێک دەگەیتە ئەو ئاستە، کە ئەو پاڵنەرە گەورەیە لە ناختدا هەبێت، وەکئەوەی مێسی هەیەتی. مێسی لە 37 ساڵیدا بەهەمان ئاستەوە دەردەکەوێت و ئەوەش باوەڕپێنەکراوە".
مێسی لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 پەیوەندی بەڕیزەکانی ئینتەر مەیامیی ئەمریکییەوە کرد و لەگەڵ یانەکەدا چەند نازناوێکی جیاوازی بەدەستهێناوە.
ئەمساڵ مێسی بەشداریی لە 18 یاریی خولی ئەمریکیدا کردووە، 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 15 ئەسیستی هەیە، کە هۆکاربوون بۆ ئەوەی ئینتەر مەیامی نازناوی 'قەڵخانی هاندەران' بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ