بەرازیلییەکان دەبێت بە پێکانەکەی نەیمار دڵخۆش بن

رێبوار محەممەد

 

ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ تۆپی پێی بەرازیل و ئەستێرەکانیدا بینەر و چێژوەرگرم، لووتکەی چێژی من لەگەڵ سامبا و جادووەکەی، لە مۆندیالی 1994دا زۆر پەرەی سەند. ئەوکات دووانەی رۆماریۆ و بیبیتۆ بۆ منی شاگردپاس لە سلێمانی، خەوی شەوانی دەتۆراند لە کاتێکدا زۆرجار، ئەوەی بەسەر دیمەنەکەدا زاڵدەبوو، پچڕانی کارەبا و نەهامەتییەکانی ئەو ساڵانەی باشووری کوردستان بوو.
 
لووتکەی چێژی من لەگەڵ بەرازیلدا لە مۆندیالی 2002دا گەیشتە لووتکە، رۆناڵدۆی دیاردە، ئەو ئەفسانەیە بوو کە منیشی وەک ملیۆنان گەنجی دیکە کردە سەوداسەری بەرازیل و جادووی قاچەکانی.. ئیدی ئەو رۆژانە رۆژانی باڵابوونی خەونەکانی من بوو لەگەڵ بەرازیلدا، بەرلەوەی خاوبوونەوە و ئیفلیجی و شکست ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە تۆپی پێی بەرازیل لە دوای ئەو ساڵەوە.
 
میانی بیرکردنەوەی من لە بەرازیل، زۆر خۆشحاڵیکردم کاتێک لە 2017دا شانازیی ئەوەم پێبڕا وەک رۆژنامەنووس و لەگەڵ تیمێک هاوکارمدا بچمە بەرازیل، بۆ ژمارەیەک بەرهەمی 'تۆڕی میدیایی رووداو' و لەوێش یەکێک لە دڵخوازترین ئەستێرەکانم ببینم کە بیبیتۆ بوو، لەگەڵ یەکێک لە راهێنەرە ناوازەکانی بەرازیل کە کارلۆس ئالبێرتۆ پێرێرا (راهێنەری براوەی مۆندیالی 1994).. دەستتێوەردانی قەدەر نەبووایە، خۆشییەکانم لە بەرازیل دەچوونە لای ئەستێرەکانی ئاسمان، کاتێک دەبوو رۆناڵدینیۆ و دیاردەش ببینم، بەڵام ئەوە رووینەدا و ئیدی وەک حەسرەتێک تاوەکو ئێستا لەدڵمدا ماوەتەوە.
 
هەمووان دەزانن کە بەرازیل ساڵانێکی زۆرە کێشەی هەیە و کێشەکەی تووندە، لەوێ کاتێک لەگەڵ هەر کەسێکدا قسەمدەکرد، بەتایبەت پێرێرا، لەبەرئەوەی کەسێکی گوێلێگیراوی نێو دونیای تۆپی پێی ئەو وڵاتەبوو، دەیگوت ئێمە لە دوای شکستە ئابڕووبەرەکەی مۆندیالی 2014 بەرامبەر ئەڵمانیا، سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەمان لەسەرئەوە کردووە بۆچی بەرازیل بەو چارەنووسە گەیشت؟ پێرێرا دەیگوت دەیان سیمینار و لێکۆڵینەوەی زانکۆییمان لەسەر دەستنیشانکردنی کەموڕکوڕییەکان و دۆزینەوەی رێگەچارە کردووە و هێشتا بەردەوامین.
 
لە دوای ئەو ساڵانەوە، بەرهەمی کارەکان وردە وردە دەرکەوتن.. بەرازیل کە لە دوای نەوەی رۆناڵدینیۆ، کاکا، رۆناڵدۆ و ریڤاڵدۆوە، بۆشاییەکی بەرچاوی لەئاستی پێگەیشتن و درەوشانەوەی ئەستێرەکانەوە بەخۆوە بینی، ئیدی سەرهەڵدانی ئەستێرە زۆروزەوەندەکانی بەخۆوە بینییەوە.
 
بەرازیل هەموو کات بەپشتبەستن و درەوشانەوە بەئاستی تاکایەتیی ژمارەیەک ئەستێرە، زەبەلاحبوونی خۆی بەسەر ئەوانیدیکەدا سەپاندووە، بەڵام لەدوای ئەو ئەستێرانەوە، ئەو یاریزانانە سەریانهەڵنەدا کە بتوانن خەمی خەڵکەکە لە تۆپی پێدا لەکۆڵ بنێن و خەمی نان لەمێشکی خەڵک دەربهێنن.
 
کە دەڵێم، بەرهەمی ئەوەی پێرێرا باسیدەکرد دواتر دەرکەوت، بەڵگەکە ئەوەیە کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەرازیلییەکان گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان لە داگیرکردنی یانە گەورەکانی ئەوروپا و دەرکەوتنیان بەژمارەی زۆرەوە لە یانە و خولەکانی ئەوروپا. لە چەند ساڵی رابردوودا دەرکەوتنی ئەستێرە بەرازیلییەکان بەشێوەیەکە، کەم یانەی گەورەی ئەوروپا هەیە لانیکەم یاریزانێکی باشی بەرازیلیی تێدا نەبێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردەکە شکستەکان هەربەردەوامن و نوشوست لە مۆندیالێکەوە دەپەڕێتەوە بۆ مۆندیالێکی دیکە.
 
یاریزانە بەرازیلییەکان بۆ ئەوەی بگەنە لووتکەی جیهان، ئەوەندەی پێویستیان بەئازادی هەیە، ئەوەندە پێویستیان بەدیسپلین نییە، ئەوەندەی لەسایەی سەربەستی لە یاریگەدا گەشە دەکەن، ئەوەندە بە بەستنەوە بەشوێنێکی یاریکردن و تاکتیکی قورسەوە گەشە ناکەن، تەنانەت ئەمە بۆ دەرەوەی یاریگەش و لە ژیانی شەوانە و شەوانەی دیسکۆکانیشدا راستە، رۆناڵدینیۆش باشترین نموونەی بەرجەستەیە. ئەگەر درەوشانەوەت لە بەرازیلییەکان دەوێت، ئازادیان بکە، یەکەم شتیش لە یاریگەدا، داوای چێژوەرگرتنیان لێبکە.
 
ئێستا بەرازیل لەبەردەم دووڕیانێکدایە، بەهرەمەندی زۆرە، یاریزانی باشی زۆرە، ئەستێرە و لاوی درەوشاوەی هەن، بەڵام ناگاتە نازناو، ئەوەتا دوای بیست و دوو ساڵ کە لە خراپترین دۆخیشدا بە ئۆرۆگوای نەدۆڕابوو، ئەمجارە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا پێی دۆڕا. دوڕیانەکە بۆ بەرازیل لە شێوازی بیرکردنەوەدایە، یان بەردەوامبوون لە سەربەستی و ئازادییە بەرازیلییەکە کە نایانگەیەنێتە نازناوەکان، یان ملکەچبوون بە رێکاری راهێنەرە ئەوروپییەکان کە گرەوێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکان.
 
بەرازیلییەکان و ئەوانەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلدا بڕیاربەدەستن، لەو نێوانەدا چارەیەکی مام ناوەندییان دۆزیوەتەوە، یان روونتر بڵێم ئەو کەسەیان دۆزییەوە کە دەتوانێ سەربەستیدەر و خاوەن عەقڵی ئەوروپییانە بێت لە تۆپی پێدا. راهێنەرێک بە عەقڵ و بیرکردنەوە ئەوروپی، بەڵام ئازادیدەر بە یاریزانەکانی، لەوانەیە ئەو تایبەتمەندییە تەنیا لە کارلۆ ئەنچیلۆتیدا بەرجەستە ببێت.
 
ئەرکی کارلۆ لەگەڵ بەرازیلدا روونە، بەها ئەوروپییە نوێ و مۆدێرنەکان لە مێشکی بەرازیلییەکاندا بچێنە، بەڵام چاویش لە ئازادیی و سەربەستیی بەرازیلییانەیان غافڵ مەکە.
 
نامەوێ باس لە رێژە و ئەگەری سەرکەوتنی ئەنچیلۆتی لەگەڵ بەرازیل بکەم، ئەگەر وەکئەوەی پێشبینیکراوە هاوینی داهاتوو لە بەرازیل بێت، بەڵام رووداوی پێکانە درێژخایەنەکەی نەیمار داسێلڤا، پێموایە بەخت باشییەکی ناوازەیە بۆ ئەنچیلۆتی و بەرازیلیش کە بەدوای ئەپدەیتی ناسنامە و شێوازی یارییکردنی خۆیدا دەگەڕێت.
 
نەیمار ئەو کەسە نێگەتیڤەیە کە درێژەی بە بۆشایی سەرهەڵدانی ئەستێرەکانی بەرازیلدا، لە راستیدا شوێنی کەسی پڕنەکردەوە، نەبووە پێلێ وەکئەوەی پێشبینیدەکرا، نەبووە رۆناڵدینیۆ و نەدیاردەش، ئەو بووە کۆپییەکی خراپی خۆی. 
 
نەیمار لەرووی بەهرەوە لەپێش هەموو ئەو نەوەیەوەیە کە لەگەڵ ئەو و دوای ئەویش سەریانهەڵدا، بەڵام لەهەمووان خراپتر کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردەکە هەبوو. دەکرێ پێکانەکەی ئەمجارەی نەیمار کە پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەتی و ماوەی زۆر دووریدەخاتەوە، ئەو سەرەتا باشە بێت کە ئەنچیلۆتی داهاتووی بەرازیلی لەسەر بینا بکات، چونکە تاوەکو نەیمار لە پێکهاتەکەدا بێت و وەک ئەستێرەی یەکەم تەماشا بکرێت و ئەو هەست بەبایەخی ئەو تەماشاکردنە نەکات، هەر چاوی لە نمایشی بێسوود و خۆپێشاندانی ناماقووڵ بێت، ئەنچیلۆتیش هیچ بەهیچ ناکات.. بەرازیلی ئەنچیلۆتی بەبێ نەیمار، لای من زۆر نزیکترە لە سەرکەوتن لەو بەرازیلەی چەندین ساڵە نەیمار تیێدا وەک ئەستێرەی یەکەم تەماشا دەکرێت، بەڵام ئەو نەک هەر خۆی نەبووە ئەستێرە، بەڵکو رێگەی ئەستێرەبوونی لە ئەستێرەکانی دیکەی هەڵبژاردەکەش بزر کرد.