هەڵوێستی نیوکاسڵ لەبارەی قومارکردنەکەی ساندرۆ تۆنالی


رووداو دیجیتاڵ

یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی بۆچوونی خۆی لەبارەی تێوەگلانی ساندرۆ تۆنالی لە سکانداڵی قومارکردن و گرەو لەسەر یارییەکان ئاشكراکرد، دانیبەوەداناوە کە تۆنالی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
تۆنالی هاوینی رابردوو لە میلانی ئیتاڵییەوە روویکردە نیوکاسڵی ئینگلیزی بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ کە بڕی پارەکە پێوانەییە بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی ئیتاڵی.
 
تۆنالی لەگەڵ هەریەکە لە ساندرۆ فاگیۆلی و نیکۆلۆ زانیۆلۆ لەلایەن داواکاری گشتیی ئیتاڵیاوە تۆمەتبارە بە گرەو و قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان کاتێک لە یانەی میلانی ئیتاڵی بووە. یاسا قومارکردنی یاریزانانی لەسەر ئەنجامی یارییەکان قەدەخە کردووە.
 
یانەی نیوکاسڵ لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "نیوکاسڵ دووپاتیدەکاتەوە کە ساندرۆ تۆنالی، لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیتاڵیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، لەبارەی قومارکردنی نایاساییەوە".
 
تۆنالی پێنجشەممەی پێشوو لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە لە کاتێکدا لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو، برایە دەرەوەی کەمپەکە و لەگەڵ زانیۆلۆدا لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکرد، پاشئەوەی فاگیۆلی ناوی ئەوانی وەک یاریزانی بەشداربوو لە قومارەکاندا بە داواکاری گشتیی دابوو.
 
نیوکاسڵ دەڵێ، "ساندرۆ بەلێکۆڵینەوەکانەوە پابەندە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن بەتەواوی لەگەڵ هەموو دەسەڵاتدارانی پەیوەست بەدۆسێیەکە و ئەو و ماڵباتەکەی پشتگیری تەواویان لەلایەن یانەکەمانەوە پێدەگات".
 
ئەو قومارەی تۆنالی کردوویەتی، بەر لە هاتنیەتی بۆ نیوکاسڵ و لەکاتێکدا بووە ئەو یاریزانە لە میلانی ئیتاڵیا یارییکردووە، بەڵام ئەگەر ئەو یاریزانە سزای راگرتن بدرێت، نیوکاسڵ ناتوانێ یاریی پێ بکات و دەبێ لە پێکهاتەکەی دووری بخاتەوە.
 
پێشتر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا سزادانی نیکۆلۆ فاگیۆلی، یاریزانی یوڤێنتوسی بەڕاگرتن بۆ ماوەی حەوت مانگ راگەیاند، لەچوارچێوەی رێکەوتنێک لەگەڵ داواکاری گشتی لە بەرامبەر پێدانی زانیاری و هاوکاریی لێکۆڵینەوەکان، بۆ سووککردنی سزاکەی.
 
یانەی نیوکاسڵ لە کۆتاییدا گوتوویەتی، لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان، ناتوانین ئێستا هیچ کۆمێنتێکی دیکە بدەین.
 
میدیای ئیتاڵیا پێشبینیدەکەن تۆنالی لەلایەن داواکاری گشتیی ئیتاڵیاوە بە راگرتن و سڕکردن بۆ ماوەی ساڵێک سزا بدرێت، چونکە دانیبەوەداناوە کە کاتێک یاریزانی میلان بووە، قوماری لەسەر ئەنجامی یارییەکانی ئەو یانەیە کردووە، بەڵام ئەو قومارانە نەبوونەتە هۆکاری گۆڕانکاری لە ئەنجامەکانی یانەکەدا.