پەیامی نەیمار دوای ئەوەی تووشی پێکانێکی قورس بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی هیلالی سعودی پەیامێکی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەستەرەکانی ئەژنۆی پچڕا.
 
یانەی هیلالی سعودی بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، نەیمار تووشی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە و بەو هۆیەوە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
بەهۆی ئەو پێکانەی لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای تووشی بوو، ئەستێرە بەرازیلییەکە چاوەڕواندەکرێت 7 تاوەکو 9 مانگ لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە، گەڕانەوەی بەندە بە چۆنیەتی وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشکییەکانی.
 
دوای ئەو پێکانە قورسەی تووشی بوو، نەیمار لە پەیامێکدا دەڵێت "ئەمە ساتێکی زۆر ناخۆشە، خراپترینی ژیانی منە."
 
نەی لە بەشێکی دکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "دەزانم بەهێزم، بەڵام ئەمجارە پێویستیم بە پاڵپشتیی هاوڕێکانم و ماڵباتەکەم هەیە."
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر نووسیوویەتی و دەڵێت "ئاسان نییە تووشی پێکان ببیت، نەشتەرگەری ئەنجامبدەیت، پاشان دوای 4 مانگ جارێکی دیکە تووش ببیتەوە."
 
نەیمار لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "من باوەڕم هەیە و بۆ خوای بەجێدەهێڵم."
 
نەیمار بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 تووشی پێکانبوو، بەو هۆیەوە بە گریانەوە لە یاریگە چووە دەرەوە و گۆڕانکاریی پێکرا.