لاپۆرتا باس لە ئەگەری گەڕانەوەی مێسی و دۆسێی نیگرێرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی لە ئەگەری خواستنی لیۆنێل مێسی لە مانگەکانی یەک و دووی ساڵی داهاتوودا کرد.
سەرۆکی بارسێلۆنا قسەی بۆ رادیۆ کەتەلۆنیا کردووە، دەڵێ، "لەسەرەتای وەرزدا قسەمان لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکەمان کرد، بەڵام ئەو رای خۆی پێگوتین و بڕیاریدا کە نایەوێت بکەوێتەوە ژێر گوشار، هاوشێوەی ئەوەی لە دوا وەرزی لەگەڵ ئەو یانەیەدا تووشی بوو، ئەو پێیباشبوو روو لە ئینتەرمەیامی بکات".
لاپۆرتا دەڵێ، "ئێمە رێزمان لە ویستی ئەو گرت، پێزانینی زۆرمان بۆی هەیە، بۆمان دووپاتکردەوە کە ئێمە لەسەروبەندی رێزلێنانی ئەوین لە بارسا".
خوان لاپۆرتا دەڵێ، "کارێکی نایاب دەبێت ئەگەر مێسی لەکردنەوەی یاریگەی کامپ نو لەگەڵماندا بێت، ئێمە لە مانگی یانزەی ساڵی 2024 دەگەڕێینەوە بۆ یاریگەکەی خۆمان و ئاهەنگی کردنەوەی یاریگەکە لە مانگی شەشی ساڵی 2026 ئەنجامدەدەین، دەمانەوێ ئەوکات رێزلێنان بۆ لیۆ بکەین، بابزانین تائەوکات چی روودەدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە هەنگاوێکی نایاب دەبێت، هیوادارین بینێین".
لە بەشێکی دیکەی ئەو هەڤپەیڤینەدا، خوان لاپۆرتا متمانەدار دەرکەوت بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی خۆی و یانەکەی کراوە لەبارەی پێدانی بەرتیل بە ئینریگێز نیگرێرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا.
لاپۆرتا دووپاتیکردەوە، "ئێمە ئارامین، من پیاوی یاسام، ناتوانن هیچ شتێکمان لەسەر بسەلمێنن، چونکە تۆمەتەکانیان ناڕاستن، ئێمە هیچ پارەیەکمان نەداوە بەناوبژیوانان، دۆسێیەکە بەبێتاوانبوونی بارسا کۆتایی دێت، چونکە ئەوە تاوانێکی بەردەوام نییە و بەپێی یاسا، تۆمەتەکان دەکەون".
ئەو زیاتر دەڵێ، "دۆسێیەک لە ئارادانییە، بەڵکو تۆمەتبارکردن و رێوشوێنی دژ بە پرەنسیپەکانی داواکاری گشتی هەن، هەروەها هەڵمەتێکی مەدریدییانەی پلان بۆداڕێژراو کە بەرپرسەکان پێشەوایەتی دەکەن و دەیانەوێت دۆسێی نیگرێرا بەکاربهێنن بۆ شێواندنی ناوبانگی بارسێلۆنا".
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە کۆتاییدا دەڵێ، "ئێمە بەرتیلمان نەداوەتە ناوبژیوانان، نکووڵیشمان لەوە نەکردووە کە پارەمان داوە بەرامبەر خزمەتگوزاریی راوێژکاری لەگەڵ ناوبژیوانەکان، ئەوە پێشتریش لەگەڵ لیژنەکانی ناوبژیواناندا روویداوە، یانەکانی دیکەش هەمان کاریان کردووە. هەموو کارەکە و پارە گواستنەوەکە لە رێگەی حەواڵەی بانکییەوە کراوە و پسووڵەی پارەکانمان هەیە، ئێمە هەروەها 926 راپۆرت و 42 سی دیمان داوەتە دادگا بۆ روونکردنەوە".
لەلایەکی دیکەوە، لاپۆرتا سەرسامیی خۆی بە ئاستی هەردوو یاریزانی یانەکەی، جواو فیلێکس و جواو کانسێلۆ دەربڕی و ستایشی کردن.
لاپۆرتا دەڵێت ئەگەر جواو کانسێلۆ و جواو فێلیکس لە بەهەمان ئاستی ئێستا بەردەوام بن، هەوڵدەدەین لە بارسا بیانهێڵینەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی بارسا دەڵێت دەمەوێت یاریزانە باشەکان لە بارسا بمێننەوە، ماوەیەکی زۆرە بە جواو فێلیکس سەرسامم.