یانەی بارسێلۆنا: قۆناخە سەختەکەمان تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ

ئێدواردۆ رۆمیۆ، جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند یانەکەی لە رووی داراییەوە هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام هێشتا ماوە.
 
رۆمیۆ لە کۆنفرانسێکدا، بودجەی ساڵی رابردوو و ئەمساڵی یانەکەی خستەڕوو، گوتی دۆخە هەستیارەکەمان لە دارایی یانەکەدا تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا لە ژێر چاودێریداین.
 
کەڵەکەبوونی قەرزەکان لە چەند ساڵی رابردوودا و پەتای کۆرۆنا کە رەنگدانەوەی لەسەر هەموو یانە وەرزشییەکان لە رووی داراییەوە هەبوو، بارسێلۆنایان دووچاری کێشەی گەورە کردەوە و یانەکە ناچاربوو لە ژێر ناوی پلانی 'بووژانەوەی ئابووری'دا سەرچاوەکانی داهاتی داهاتووی خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بۆ ئێستا پارە بەدەست بهێنێت.
 
رۆمیۆ گوتوویەتی، "هێشتا لە ژێر چاودێریدان، چاکبووینەتەوە و دەزانین چۆن لەو دۆخە بێینە دەرەوە، بەڵام نابێ لەنیوەی رێگەدا خۆمان ون بکەین".
 
وەک بەرپرسەکەی یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، یانەکە لە وەرزی 2022 - 2023 کۆی 304 ملیۆن یۆرۆ قازانجی هەبووە، ئەوەش بڕێکی زیاترە لەو بڕەی یانە کەتەلۆنییەکە پێشبینیدەکرد بەدەستی بهێنێت، لە کاتێکدا هەوڵی زۆر دەدات بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی شێواوی خۆی.
 
بارسێلۆنا لە چەند وەرزی رابردوودا، لەپێناو باشترکردنی دۆخی دارایی خۆیدا، ناچاربوو دەستبەرداری ژمارەیەک یاریزانی ببێت و لە بەرامبەردا گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی بەخۆڕاییدا بکات.
 
بارسێلۆنا پێشبینیدەکات لە وەرزی ئەمساڵدا قازانج بەبەهای 11 ملیۆن یۆرۆ بەبێ باج بکات، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ئاستی ئەو مووچانەی کە یانەکە پێشتر دەیدا بەژمارەیەک یاریزانی دێرینی یانەکە وەک سێرجیۆ بۆسکێس و جۆردی ئالبا کە چوونە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، هەروەها عوسمان دێمبلی کە پەیوەندی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد.
 
رۆمیۆ روونیکردووەتەوە، پێشینەی یانەکەی بریتییە لە "باشترکردنی دۆخی دارایی، بەتایبەت بەرامبەر وەبەرهێنەران و بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی گوشاری قەرزەکانی سەر یانەکە".
 
سەرچاوەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە کۆی قەرزەکانی سەر یانەی بارسێلۆنا ملیارێک و دووسەد ملیۆن یۆرۆی تێپەڕاندووە.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا، لە چوارچێوەی یاساکانی یاریی خاوێندا، چاودێریی تووندی خستووەتە سەر خەرجیی یانەکان لە رووی مووچەی یاریزانان و گواستنەوەیان.
 
بۆ وەرزی ئەمساڵ، دەستەی لالیگا رایگەیاندووە کە بنمیچی بەرزترین مووچەی رێگەپێدراو لە یانە کەتەلۆنییەکە، 270 ملیۆن یۆرۆیە و ئەوەش سەرجەم مووچەکانی یاریزانان و فەرمانبەران، تێچووی گواستنەوەکان، پارەی بەڕێوەبەری کارەکان و پاداشتەکانیش دەگرێتەوە.
 
جێگرەکەی لاپۆرتا لە میانی کۆنفرانسەکەدا دەڵێ، "ناچار بووین هەنێک شت تێبپەڕێنین کە نەماندەویست ئەنجامی بدەین، هیوادارم رۆژێک بێت کە ئەو جۆرە کارانەی تێدا ئەنجام نەدەین".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەموو هەواڵە نێگەتیڤەکان یارمەتیی یانەکە نادەن" بەڵام دووپاتیدەکەینەوە کە 'دۆسێی نیگرێرا' کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی چاکسازییە داراییەکانی یانەکە ناکات، چونکە "وەبەرهێنەران هەڵسەنگاندنی گەورەیان کردووە".
 
قسەکانی رۆمیۆ هاوکاتبوو لەگەڵ تۆمەتبارکردنی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای بارسێلۆنا بە تێوەگلان لە 'دۆسێی نیگرێرا'، بەڵام ئەو بەرپرسەی یانەکە رەتیکردەوە هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو تۆمەتبارکردنە بدات.
 
دادگای ئیسپانیا رایگەیاندبوو کە تۆمەتی تێوەگلان و بەشداری ئاراستەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای بارسێلۆنا کردووە، بەهۆی دۆسێی نیگرێرای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لە نێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2010، واتە لەو ماوەیەدا کە لاپۆرتا سەرۆکایەتی یانەکەی کردووە لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بۆ یانەی بارسێلۆنا.
 
دادگاکە وایداناوە دۆسێیەکە بریتییە لە بەرتیلدان و گەندەڵیی وەرزشی.