ئالڤێش دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟ کۆمان وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دانی ئالڤێش، راشکاوانە رایگەیاند "ئەگەر بارسێلۆنا پێویستی بە تواناکانم بێت، با پەیوەندیم پێوە بکەن، من ئامادەم". لەو بارەیەوە پرسیار لە رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسا کرا و ئەویش وەڵامێکی نا روونی دایەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی بارسێلۆنا و دینامۆ کیێڤ، لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، پرسیاری ئەوە لە کۆمان کرا، کە ئایا دانی ئالڤێش دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟ ئەو ویستی لە وەڵامەکە رابکات، بەڵام ناچاربوو بەشێوەیەکی ناڕوون وەڵامبداتەوە.
 
کۆمان گوتی "من زۆر لەبارەی ئەو بابەتەوە نازانم، نازانم یانەکەمان باسی ئەو یاریزانەی کردووە یان نا، پێمباشە ئێستا باسی ئەو بابەتە نەکەین".
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئالڤێش دەیەوێت بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە.
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، بەر لە چەند رۆژێک دانی ئەلڤێش لەگەڵ هاوژینەکەی لە بارسێلۆنا بووە و بەدوای یانەیەکی نوێدا گەڕاوە و بە ئەگەری زۆریش ئەو یانەیە یانەی بارسێلۆنایە.
 
ئەوکات ئالڤێش، گوتی "ئەگەر یانەی بارسێلۆنا پێویستیی بە من بێت، تەنیا لەسەرئەوان پێویستە پەیوەندیم پێوەبکەن، من هێشتا لە توانامدا هەیە لە هەر شوێنێکدا بێت یاریی بکەم و ئاستی خۆم پێشکێشبکەم، بەتایبەت لەگەڵ بارسێلۆنا کە ئێستا خاوەنی چەند یاریزانێکی لاو و زۆرباشە."
 
بەرگریکارە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی "تاکە شوێنێک کە لەم جیهانەدا تێیدا خاوەنی ماڵم بارسێلۆنایە."
 
دانی ئالڤێش، ئێستا تەمەنی 38 ساڵە، بەهۆی کێشەی نەدانی مووچەکانییەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ساوپاوڵۆی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە و ئێستا بەبێ یانە ماوەتەوە.
 
یاریزانەکە پێشتر لە 2008 تاوەکو 2016 لە یانەی بارسێلۆنا یارییکردووە و 23 نازناوی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە، دوای ئەوە پەیوەندیی بە یانەکانی یوڤێنتوس، پاریس سانجێرمان و ساوپاوڵۆ کرد.
 
ئالڤێش پێشتر رایگەیاندبوو، تاوەکو ساڵی 2021 تەواودەبێت ناچێتە هیچ یانەیەکی دیکە، بەڵام ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ بارسێلۆنا بەهێزن و ئێستا یاریزانەکە کاتەکانی لە بارسێلۆنا بەسەردەبات.