ئەگوێرۆ داوایەک لە کۆمان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری ئەرجەنتینیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، داوایەک لە رۆناڵد کۆمانی راهێنەری یانەکەی دەکات، کە پەیوندی بە یاریی کلاسیکۆیی لایگا لە بەرامبەر ریال مەدریدەوە هەیە.
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە گەڕی 10ـی لالیگادا یاریی کلاسیکۆ لەسەر یاریگەی کامپ نو بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا ریال مەدرید دەبێتە میوانی بارسێلۆنا.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی کەتەلۆنی، هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە، کە ئێستا لە پێکان گەڕاوەتەوە و لە گەڕی رابردوودا چەند خولەکێک بەرامبەر ڤالێنسیا یاری کرد، داوا لە کۆمان دەکات بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر ریال مەدرید یاری پێبکات.
 
ئەو سەرچاوانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی ئەگوێرۆ دەزانێت ئەو بڕیارە زەحمەتە لەلایەن کۆمانەوە بدرێت، بەڵام هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە دەیەوێت گوشاری بخاتە سەر، چونکە پێیوایە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات، بەو پێیەی هەست دەکات بە باشی ئامادەیە بۆ ئەو یارییە گەورەیە.
 
ئەو سەرچاوانە، هەروەها دەشڵێن "ئەگوێرۆ پلانێکی تایبەتی داناوە بۆ ئەوەی بەشداری لە کلاسیکۆدا بکات و بە باشترین شێوە دەربکەوێت". هەروەها دەشڵێن "یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دەیەوێت لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگدا، کە سبەی چوارشەممە بەرامبەر دینامۆ کیێڤ یاری دەکات، چەند خولەکێک بەشداری بکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی متمانەی رۆناڵد کۆمان بەدەستبێنێت و لە کلاسیکۆدا بە ورە و حەماسەتێکی زۆرەوە یاری بکات و بتوانێت لە یەکەم یاریی کلاسیکۆی لالیگادا گۆڵ لە ریال مەدرید بکات.
 
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە پێیوایە بەشداریکردنی لە بەرامبەر دینامۆ کیێڤ زۆر گرنگە و کلیلی یاریکردنیەتی بەرامبەر ریال مەدرید، بەڵام هەندێک هۆکار هەن وادەکەن بەشداریکردنی ئەگوێرۆ بەشێوەی سەرەکی زەحمەت بێت، لە سەرووشیانەوە ئەوەیە کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و هێشتا لەگەڵ یاریزانانی بارسا هاوئاهەنگییەکی باشی نییە، هەروەها ئانسۆ فاتی و مێمفێس دێپای ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن، سەرەڕای ئەوەش ئەگوێرۆ بێهیوا نابێت و سوورە لەسەر بەشداریکردن بەشێوەی سەرەکی لە یاریی کلاسیکۆدا.