لێستەر سیتی یاریزانێکی گرنگی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

برێندان رۆجەرز، راهێنەری یانەی لێستەر سیتی هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی گوتی، جالار سۆیونچۆ بەهۆی پێکانەوە دووردەکەوێتەوە.

رۆجەرز لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، سۆیونچۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا تووشی بووە، سێ هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.

بەپێی قسەی راهێنەری لێستەر سیتی، ئەو یاریزانە تورکە بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی بەشی دواوەی تووشی پێکانبووە و ناتوانێت هاوکاری یانەکە بکات.

برێندان زیاتر گوتی، دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکەی شتێکی خراپە و شۆکێکی گەورەیە، هەروەها هیوای سەڵامەتیی بۆ یاریزانەکە خواست و گوتی، هیوادارم زوو بگەڕێتەوە نێو یانەکە.



سۆیونچۆ بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە لە یاریی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا بەشداریی نەکرد، کە لێستەر بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، تووشبوونیشی بە پێکان کێشەکانی ئەو یانەیە زیاتر دەکات، لەکاتێکدا چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکە پێکانیان هەیە.

سۆیونچۆ بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ لێستەر سیتی پێشکێشیدەکات، لە گواستنەوەی هاوینەدا ئامانجی چەند یانەیەکی ئەوروپا بوو، بەڵام یاریزانەکە مانەوەی لە ریزی رێوییەکان بەلاوە باشتربوو.