ڤیدیۆ؛ ڤیاریال یاری لووتکەی لە ڤالێنسیا بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ڤیاریال یاری لووتکەی گەڕی شەشەمی لالیگای لە یانەی ڤالێنسیا بردەوە.

لە یاریگای لا سیرامیکا، ڤیاریال پێشوازی لە ڤالێنسیا کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێبردەوە.

شەش خولەک بەسەر یارییەکەدا تێپەڕی و پاکۆ ئالکاسێر بە لێدانی سزا ڤیاریالی بە گۆڵێک پێشخست، دواتر لە خولەکی 37دا گۆنزالۆ گێدێش ئەنجامەکەی بۆ شەمشەمەکوێرەکان راستکردەوە.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 69دا دانی پاریخۆ یاریزانی پێشووی ڤالێنسیا گۆڵێکی لە تۆڕی یانە کۆنەکەی تۆمارکرد و سێ خاڵی گرنگی بەخشییە ڤیاریال.

لە دوایین ساتەکانی یارییەکەشدا تاکیفوسا کوبوی یاریزانی ڤیاریال بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.

ئێستا ڤیاریال بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی دووەمی لالیگایە و ڤالێنسیاش حەوت خاڵی هەیە و لە پلەی 13یە.