ڤیدیۆ؛ دهۆک بۆ کەرنەڤاڵێکی گەورە و مێژوویی ئامادەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دهۆک خۆی بۆ شەوێکی مێژوویی لەبیرنەکراو لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئامادەدەکات و رووداو وردەکارییەکانی ئەو رێوڕەسمە تایبەتە ئاشکرا دەکات.
 
رۆژی هەینی لە رێوڕەسمێکی تایبەت و جیاوازدا، یانەی دهۆک ئاهەنگی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق رێکدەخات، هەزاران هاندەر، بەرپرسی وەرزشی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، لەگەڵ دەیان رۆژنامەڤانی ناوخۆ و بیانی ئامادەی ئاهەنگەکە دەبن.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ماوەی 25 رۆژدا گۆڕانکاری گەورە لە ژێرخانی یانەی دهۆکدا کرا، جگە لەوەش بە هاوکاریی 200 خۆبەخش ئامادەکارییەکی زۆرباش کراوە و پشتبەخوا ئاهەنگێکی جیاواز دەبینن."
 
میللەت جەمال، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک و سەرپەرشتیاری گشتی رێکخستنی ئاهەنگی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە رووداوی گوت "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یاریگە ئامادەدەبێت و بەشداری لە ئاهەنگەکەدا دەکات و 95٪ـی ئامادەکارییەکانمان تەواو بووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییەکانداین."
 
لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت "25 رۆژە هەزار خۆبەخش بەردەوام تاوەکو کاژێرەکانی بەرەبەیان لە یانەی دهۆک کاردەکەن، ئێستا کارگێڕیی یانەی دهۆک رکابەری لەگەڵ کات دەکەن بۆ ئەوەی ئاهەنگەکە بەڕێوەببەن، لە هەموولایەکەوە ئامادەکاری دەکات و دەیانەوێت بەجوانترین شێوە ئاهەنگەکە پێشانی هەموو عێراق بدەن."
 
پەیامنێری رووداو گوتی "بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی رووداو، لە رێوڕەسمەکەدا 20 هەزار درێسی یانەی دهۆک لەگەڵ بلیتی یارییەکان دەدرێتە هاندەر، جگە لەوەش کاتژمێرێکی دەستی کە لۆگۆی یانەی دهۆکی لەسەرە دەدرێتە هاندەرانی یانەکە، هەروەها چەند خەڵاتێکی دیکەی تایبەت لەسەر کورسییەکانی یاریگە دادەنرێت بۆ ئەو هاندەرانەی لەنێو یاریگەدا ئامادەدەبن."
 
لە رێوڕەسمەکەدا، حەسەن شەریف، هونەرمەندی بەنێوبانگی کوردستان، حوسام رەسام، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراقی گۆرانی بۆ دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەڵێن و دلشاد محەممەد سەعید، ئاوازدانەری بەنێوبانگی کوردستان لەنێو یاریگەدا چەند پارچە میوزیکێک پێشکێشدەکات.
 
حەیدەر دۆسکی زیاتر گوتی "بەپێی ئەو زانیارییەی دەست رووداو کەوتووە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبێت، بەڵام پشتڕاستنەکراوەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەدەبێت یان نا."
 
لە شەوە تایبەتەکەی دهۆکدا، ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتکراون، لەنێو یاریگەدا ئەو یاریزانانەی عێراق ئامادەدەبن کە ساڵی 2007 نازناوی جامی ئاسیایان لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە.
 
دەیان رۆژنامەڤان بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکەدا ئامادەدەبن
 
بۆ ئاهەنگی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زیاتر لە 400 رۆژنامەڤان لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و وڵاتانی عەرەبی ناویان تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی رووماڵی ئاهەنگی دەستپێکردنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن، کە بەشێکیان لە قەتەر، ئوردن و وڵاتانی دیکەی دەورووبەری عێراق هاتوون.
 
50 کەناڵ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە مافی گواستنەوەی ئاهەنگەکەیان پێدراوە، ژێرخانی وەرزشی یانەی دهۆک بەتەواوی گۆڕدراوە و ئەمڕۆ پارێزگاری دهۆکیش چووەتە یاریگەی یانەکە بۆ ئەوەی دوایین ئامادەکارییەکان بەسەربکاتەوە و چاوەڕواندەکرێت زۆر زیاتر لەو ژمارەیەی هاندەر ئامادەبن کە بلیت دەفرۆشرێت.

 

 

کەی هاندەران دەتوانن درێسی یانەی دهۆک بەدەستبهێنن؟
 
پەیامنێری رووداو لە دهۆک لەو بارەیەوە دەڵێت "ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پێشانگەی تایبەت بە یانەی دهۆک بکرێتەوە، سبەی هاندەران دەتوانن درێسی یانەکە بەدەستبهێنن، قسەم لەگەڵ خاوەنی پێشانگەکە کردووە و سەرەتا 700 درێس گەیشتووە و پێشکردنەوەی پێشانگەکە 600 درێسی فرۆشراوە و بەردەوام هاندەران پەیوەندیان پێوە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی درێسەکە."
 
حەیدەر دۆسکی زیاتر گوتی "ئەمڕۆ ئێوارە 10 هەزار درێسی دیکەی یانەی دهۆک دەگەنە پێشانگەکە و خاوەنی پێشانگەکە دەڵێت پێشبینی دەکەین سبەی درێسەکان تەواوببن و دەکرێت داوای درێسی دیکە بکەن."
 
رۆژی هەینی کاژێر 18:30 رێوڕەسمی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دهۆک ئەنجامدەدرێت، دوای رێوڕەسمەکە یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زەورا لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا بەڕێوەدەچێت.