رووداو دیجیتاڵ
ویسلی براون، ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەپێویستی دەزانێت و پێشبینیدەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوا رۆژەکانی یارییکردنی خۆیدا بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد و لە ئۆڵدترافۆرد کۆتایی بەکاروانی خۆی بهێنێت.
رۆناڵدۆ لە هاوینی 2003دا بووە یاریزانی مانچێستەر یونایتد، پاشئەوەی لە سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالییەوە رووی لەو یانەیە کرد، تاوەکو ساڵی 2009 لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوامبوو، بەرلەوەی روو لە ریال مەدریدی ئیسپانی بکات.
هاوینی 2021 رۆناڵدۆ جارێکی دیکە گەڕایەوە مانچیستەر یونایتد، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە لە 2022، جارێکی دیکە ریزەکانی مان یونایتدی بەجێهێشت و روویکردە یانەی نەسڕی سعودی.
براون لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "کاتێک باسەکە پەیوەندی بەگەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە هەبێت، مانچێستەر یونایتد ناتوانێت دەرگای خۆی بەڕووی ئەو ئەستێرەیەدا دابخات، چونکە ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو، هەمووشمان هەستمان بەبێئومێدی کرد، کاتێک ئەو بەو شێوەیە لە یانەکە رۆیشت".
رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە یونایتد بۆ جاری دووەم، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە ئێریک تێن هاگی راهێنەری یانەکە، پاش ناکۆکی لەگەڵ ئەو یاریزانە، بەجۆرێک لە بێڕێزییەوە رۆناڵدۆی ناچار بەڕۆیشتن کرد.
یاریزانەکەی پێشووی یونایتد زیاتر دەڵێ، "پێشبینیدەکدەم رۆناڵدۆ رۆژێک لە رۆژان بگەڕێتەوە مان یونایتد بۆ چاککردنەوەی ئەو کۆتاییە تاڵەی لەوێ هەیبوو، هەر لەوێش کۆتایی بەکاروانی یارییکردنی خۆی بهێنێت".
گرێبەستی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ تاوەکو هاوینی داهاتوو، بەڵام دیار نییە دوای ئەو وادەیە، چارەنووسی ئەو یاریزانە چی دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا، رۆناڵدۆ هێرشیکردە سەر تین هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتد و دووپاتیکردەوە تیپەکەی بەردەستی ئەو راهێنەرە، توانای بردنەوەی نازناوەکانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ