بۆچی تەوقەت لەگەڵ سیمیۆنی نەکرد؟ ئەنچیلۆتی وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، وەڵامی ەئو پرسیارەی دایەوە، کە بۆچی دوای تەواوبوونی یاریی دێربیی مەدرید، تەوقەی لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید نەکرد. گوتیشی "تیپەکەمان بە باشی قەرەبووی یارینەکردنی کەریم بنزیمای کردووەتەوە".
 
یاریی دێربیی مەدرید لە نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید لەسەر یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرکەوتن بۆ یانەی شاهابە ڤوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی تەوقەی لەگەڵ سیمیۆنی نەکردووە؟ گوتی "پێش دەستپێکردنی یارییەکە پێمگوت سڵاو، دەزانم ئەو حەزی لەوەیە خێرا یاریگا جێبهێڵێت، بۆیە هەموو شتێک باشە". 
 
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی ئاستی تیپەکەیشییەوە، گوتی "پێموایە تیپەکەمان بە باشی قەرەبووی یارینەکردنی کەریم بنزیمای لە دوایین یارییەکاندا کردووەتەوە. پێموایە ئێمە ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد و هەموو یاریزانەکان بە باشی بەرپرسیارێتی خۆیان گرتە ئەستۆ". 
 
کارلیتۆ پەسنی رۆدریگۆی یاریزانی لاوی بەرازیلی دا و گوتی "ئەمڕۆ رۆدریگۆ کاری زۆر باشی کرد و گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد، ئەو یاریزانێکی ژیرە و لە هەر شوێنێک یاری پێبکەم دەتوانێت ئەرکەکەی بە باشی جێبەجێبکات". 
 
ئەو جارێکی دیکە باسی تیپەکەی کردەوە و گوتی "پێشتر چەندین جار گوتوومە کوالیتی ئەم تیپە زۆر بەرزە".
 
راهێنەری ئیتاڵی یانەی شاهانە، لە بەردەوامی قسەکانیدا، روونیکردەوە "ئێمه‌ له‌ لای خۆمانه‌وه‌ به‌رگریمان كرد و ئه‌مه‌ش شتێكه‌ كه‌ لەسەری راهاتووین، پێموایه‌ هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌مان راگرت كه‌ له‌ لایه‌ن یاریزانه‌كانی هێڵی ناوه‌ڕاستی به‌رامبه‌ر و له‌  ئه‌نتوان گریزمان و جواو فیلیكسەوە ده‌هاتن، پێموایه‌ به‌رگریمان له‌ نزیك ناوچه‌كه‌مان یارمه‌تی داین بۆ راگرتنیان. ئەگەر سیمیۆنی بڵێت ئێمە بەرگرییەکی باش دەکەین لە ناوچەکەماندا، سوپاسی دەکەم".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە "ناتوانم داوای زیاتر لەم تیپە بکەم لەوەی کە بەدەستیانهێناوە، لەم وەرزەدا هەموو یارییەکانمان بردووەتەوە و بەو شتە دڵخۆشین و شانازی دەکەم کە راهێنەری ئەم تیپەم".