عەلی خامنەیی رێگەنادات وەرزشوانانی ئێران رووبەڕووی ئیسرائیلییەکان ببنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە رەتیکردەوە رێگە بە وەرزشوانانی ئێران بدات رووبەڕووی هیچ رکابەرێکی ئیسرائیلی ببنەوە، دووپاتیشکردەوە کە پشتگیری لە هەر وەرزشوانێک لە هەر رەگەز و نەتەوەیەک دەکەن کە ئامادەنەبێت بەرامبەر وەرزشوانە ئیسرائیلییەکان یاری بکات.
 
عەلی خامنەیی، لە لێدوانێکدا، رایگەیاند "قەوارەی زایۆنیزمی خوێنڕێژ و ناشەرعی هەوڵدەدات لە رێگەی بەشداریکردن لە بۆنە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا شەرعیەت بەخۆی بدات، گەورە وەبەرهێنەرانی جیهان و شوێنکەوتووەکانیشیان پشتیوانیان لێدەکەن".
 
رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی پێشوازیکردنی لەو وەرزشوانە ئێرانییانەی میدالیایان لە ئۆڵیمپیاد و پاراڵیمپیکی تۆکیۆدا بەدەستهێناوە، گوتی "هیچ وەرزشوانێکی ئازاد رازی نابێت دان بە قەوارەی زایۆنیزمدا بێنێت و تەوقەی لەگەڵ بکات لەپێناو بەدەستهێنانی میدالیایەک".
 
عەلی خامنەیی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دان نەنان بە ئیسرائیل لە یاریگەکانی وەرزشدا پرسێکی زۆر گرنگە.
 
زۆرجار وەرزشوانانی ئێران لە بۆنە و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا رەتیانکردووەتەوە رووبەڕووی وەرزشوانانی ئیسرائیل ببنەوە، چ بە کشانەوە یان بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە تووشی پێکان بوونە.
 
تەنانەت زۆر لە وەرزشوانانی عەرەب و موسڵمانیش بەهەمان پاساو ئامادە نەبوونە بەرامبەر رکابەرە ئیسرائیلییەکانیان یاری بکەن، کە دوایینیان فەتحی نوورینی یاریزانی جۆدۆی جەزائیری بوو لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا.
 
وەرزشوانانی ئێران لە ئۆڵیپیادی 2020ـی تۆکیۆدا 7 میدالیایان بەدەستهێنا، کە 3ـیان زێر بوون، لە پاراڵیمپیکی تۆکیۆشدا 24 میدالیایان لەملکرا، کە لەنێویاندا 12 زێڕ بوون.