ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ئامەدسپۆری تاکە نوێنەری شاری ئامەد لە خولی پلە یەکەکانی تورکیا، میوانداریی یانەی ئیستەنبووڵ سپۆری کرد و یارییەکەی بە گۆڵێک پێ دۆڕاند.
 
یاریی نێوان ئامەدسپۆر و ئیستەنبووڵ سپۆر کاژێر 9ی شەوی 19-8-2024 لە ئامەد بەڕێوەچوو.
 
سەرەتا یاریزانانی ئامەدسپۆر گوشاریان کرد و لە خولەکی 5ی یارییەکەدا بریت ئاسۆمبالۆنگ، یاریزانی ئامەدسپۆر گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، گۆڵەکە هەژمار نەکرا.
 
یاریزانانی هەردوولا چەند دەرفەتێکیان لەدەستدا و گێمی یەکەمی یارییەکە بێ گۆڵ کۆتاییهات. 
 
لە گێمی دووەمدا ئامەدسپۆر بەردەوام بوو لە گوشارەکانی. خولەکی 54 یاریزان ئوغور ئادەم گەزەر، کاپتنی ئامەدسپۆر بە کارتی سوور دەرکرا.
 
لە خولەکی 77 ئەمیر کائان تاکە گۆڵی یارییەکەی بۆ یانەی ئیستەنبووڵ سپۆر تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 90+6، یاریزان بریت ئاسۆمبالۆنگ زۆر نزیک بووەوە لە یەکسانکردنی ئەنجامی یارییەکە، کاتێک لێدانێکی ئاراستەی گۆڵی ئیستەنبووڵ سپۆر کرد، بەڵام تۆپەکە بەر ستوونی گۆڵ کەوت.
 
یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی ئیستەنبووڵ سپۆر کۆتایی هات.
 
یانەی ئامەدسپۆر یاریی یەکەمی ئەم وەرزەی لە ئیستەنبووڵ کرد و رووبەڕووی یانەی کاراگومروک بووەوە. یارییەکە بێ گۆڵ کۆتایی هات. ئێستا ئامەدسپۆر لە دوو یاریدا تەنیا خاڵێکی هەیە.