لەسەر ئەو یاریزانەی بارسا شەڕە کە لاپۆرتا دەیەوێت دەریبکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیلکای گوندۆگان خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیا، پێشهاتێکی نوێ لەسەر ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو یاریزانە دەیەوێت لە بارسا بڕوات و یانە کەتەلۆنییەکەش رێگری ناکات لە رۆیشتنی.
 
ئەگەرچی کاتێک ئیلکای گوندۆگانی یاریزانی ئەڵمانی بەشداری لە یەکەم یاریی بارسێلۆنا لە لالیگادا نەکرد، میدیاکان رایانگەیاند کە هۆکارەکەی نەخۆشی بووە، بەڵام ئەمڕۆ میدیاکان دووپاتیان کردەوە کە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و یانەکە روو لە کۆتاییە.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا، رایانگەیاند کە ئیلکای گوندۆگان رازی بووە لە بارسێلۆنا بڕوات، ئەمەش دوای ئەوەی کارگێڕیی بارسا پەیامی ئەوەیان پێدا کە دەیەوێت دەستبەرداری ببێت.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە هانزی فلیکی راهێنەر و کارگێڕیی بارسێلۆناش دەیانەوێت یاریزانێکی خاوەن مووچەیەکی گەورە لە بارسا بڕوات، بۆ ئەوەی بتوانن ناوی دانی ئۆڵمۆی یاریزانی نوێی بارسا تۆمار بکەن، کە تاوەکو ئێستا بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە ناتوانرێت ناوی تۆماربکرێت و بەو هۆیەوە بەشداری لە یاریی یەکەمی بارسێلۆنا لە لالیگادا نەکرد، ئەو یارییەی بارسا 2-1 لە ڤالێنسیای بردەوە.
 
بەپێی میدیاکان، چەند یانەیەک لە ئێستاوە هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گوندۆگان، و دەڵێن "ئەو یاریزانە ئەڵمانییە لە خولەکانی، پرێمەرلیگ، تورکیا، سعودی و قەتەر داواکراوە". کە بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەیەوێت دەریبکات لە یانەکە. 
 
میدیای بەریتانیا، باس لەوە دەکات کە هەوڵێک هەیە بۆ گەڕانەوەی ئیلکای گوندۆگان بۆ مانچێستەر سیتی، کە ساڵی رابردوو بۆ بارسێلۆنا ریزەکانی پاڵەوانی پرێمەرلیگی جێهێشت.
 
میدیای سعودیش باس لەو دەکات کە یانەی نەسڕی سعودی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ  ئیلکای گوندۆگان هاتووەتە سەرهێڵ و دەیەوێت یەکەم گرێبەستی گوندۆگان بێت، چونکە دوای ئەوەی یانەکە بەرامبەر هیلالی رکابەری، جامی سوپەری سعودیەی لەدەستدا، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا و هاندەرانی داوا دەکەن گرێبەستی نوێ بکات.
 
هەروەها هەندێک لە سەرچاوەکانیش، دەڵێن "هەردوو یانەی فێنارباخچە و گاڵاتاسەرای تورکیش خوازیارن ئەو یاریزانەی بارسا ببەنەوە ریزەکانیان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە