کچێک دەیەوێت لەجیاتی شازادەی جێنشین ببێتە خۆشەویستی گاڤی

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەیەک تێناپەڕێت کە دەنگۆ لەسەر پابلۆ گاڤی، ئەستێرەی بارسێلۆنا و پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ کچە هاوڕێیەکی نوێیدا زیاتر نەبێت.
 
لەم دواییانەدا دەنگۆی ئەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە کە گاڤی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ شازادە لیۆنۆر دی تۆدۆس لۆس سانتۆس، شازادەی جێنشینی ئیسپانیا هەیە، هەرچەندە شازادە ئیسپانییەکە ئەمەی رانەگەیاند و ئاشکرای نەکرد، ئەوەی تەنیا لەبارەی گاڤی گوتبووی ئەوەبوو کە "ئەو خۆشەویستترین و باشترین یاریزانە لای ئەو".
 
لەم رۆژانەدا دەنگۆی نوێ بڵاوبووەتەوە کە پەیوەندی بەو یاریزانە تەمەن 20 ساڵەی یانەی بارسێلۆناوە هەیە لەگەڵ ئانا پێلایۆی خوێندکاری ئیسپانی، ئەم هەواڵانەش بەهۆی چالاکیی گاڤی بووە لە سۆشیاڵ میدیا، چونکە لە چەندین بۆنەدا کاردانەوەی لەگەڵ پۆستەکانی ئەو کچەدا کردووە.
 
سەرەڕای ئەو قسە و باسانە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی روون نییە کە پەیوەندی سۆزداری لە نێوان گاڤی و ئانادا هەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەو ئەو کچە سوور بێت لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ گاڤی رابگەیێنێت.
 
لەم دواییانەدا وێنەیەکی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا لەگەڵ خوشک و دایکی گاڤیدا دەردەکەوێت.
 

راپۆرتەکانی پێشوو باسیان لەوە کردبوو کە ئەو کچەی گاڤی پەیوەندی لەگەڵیدا هەیە هاوڕێی خوشکەکەیەتی، کە پێدەچێت لە وەرزی نوێدا ئامادەی یارییەکانی بارسێلۆنا ببێت بۆ پشتگیریکردنی ئەو یاریزانە.
 
بەپێی ماڵپەڕی تریبونا، دەتوانرێت ئەم وێنەیە بە هەوڵێکی ئەو کچە هەژماربکرێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ ئەو یاریزانە گەنجە و ورووژاندنی دەنگۆی زیاتر لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.
 
گاڤی وادەی گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان دیاریکردبوو، دوای ئەوەی نزیک بووەتەوە لە چاکبوونەوە لە پێکانە درێژخایەنەکەی. 
 
گاڤی لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی لەگەڵ بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجام نەداوە.
 
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی فوتبووڵ ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە، گاڤی نزیکە لەوەی لە مانگی نۆڤەمبەردا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، دوای دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو.
 
گاڤی ماوەیەک لەمەوبەر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەستی بە قۆناخی چاکسازی کردبوو، و لە هۆڵی وەرزشی دەستی بە مەشقەکانی کردبوو.
 
گاڤی تەمەنی 20 ساڵە و لە یاریکردندا وەک یاریزانێکی سەرەکی یاری بۆ بارسا دەکرد، بەر لەوەی تووشی ئەو پێکانە بێت، و ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە لە مانگی حوزەیرانی 2026 کۆتایی دێت.
 
گاڤی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 111 یاری بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا کردووە، 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 ئەسیستی هەبووە.